شارپرێس: هونەر رەشید
دوێنێ بەرواری (٢٠٢٠/٠٢/٠٤) پیاوێکی دانیشتووی پارێزگای سلێمانی بەناوی (عەلی کەریم محمود) کە خاوەنی دوو ژنە لەئەنجامی کێشەیەک لەگەڵ کوڕێکی خۆیدا، هاوژینی دووەمی دەکوژێت و ئامادەش نییە خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی تایبەت بە شارپرێس-ی راگەیاند، شەوی ڕابردوو پیاوێک بە ناوی(عەلی کەریم ) هاوژینێکی خۆی بە ناوی (شادان لاوە شەریف) لە ماڵەکەی خۆیاندا کوشتووە.
بەپێی سەرچاوەکەی پۆلیس، کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرابکات، بۆ شارپرێس ئاماژەی بەوەدا کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە پەیوەندیی سۆزداری لەنێوان کوڕێکی بکوژ بەناوی(سەرکۆ عەلی کەریم) و هاوژینە تازەکەی بەناوی(شادان لاوە شەریف) هەبووە؛ پاش ئاشکرابوونی لەلایەن مێردەکەیەوە، دەستبەجێ هاوژینە تازەکەی کوشتووە و کوڕەکەشی هەڵاتووە، تاوانباریش تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.
جەختیشی كردەوە: بکوژەکەش بەهۆی ئەوەی یەکێکە لەبەرپرسە باڵاکانی هێزی پێشمەرگەیە لەو ناوچەیە، تا ئێستا ئامادە نییە خۆی رادەستی پۆلیس بکات.
شایانی باسە تەرمی ئافرەتەکە لە ئێستادا لە پزیشکی دادی سلێمانییە و کەسوکاری ژنەکە کوژراوەکەش بەهۆی ئابڕوی کۆمەڵایەتییەوە ئامادەنین تەرمەکەی وەربگرنەوە.