تێچووەكەی 650 ملیۆن دۆلارە.. تایبەتمەندییەكانی كەشتییەكەی بیڵ گەیتس

هەمەڕەنگ

12/02/2020‌ 1093 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "تەلەگراف" ی بەریتانیا باسی لەوە كردووە، كە بیڵ گەیتسی ملیاردێری ئەمەریكی داوای لەكۆمپانیایەكی هۆڵەندی كردووە، كە تایبەتمەندە بە دروستكردنی كەشتی كەشخەو گرانبەها، بەوەی كەشتییەكی گەورەی بۆ درووست بكەن، كە بە وزەی هایدرۆجین كاربكات .

بەپێی رۆژنامەكە، كەشتییەكە لەساڵی ٢٠٢٤ ئامادە دەبێت و دەشبێتە یەكەم كەشتی لەجیهاندا، كە بە هایدرۆجین كار دەكات، هەروەك خەرجی دروستكردنەكەشی دەگاتە ٥٠٠ ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی، واتا نزیكەی ٦٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

كەشتییەكە لەسەر بنەمای دیزاینی كەشتی "ئەكوا" دروست دەكرێتەوە، كە ساڵی رابردوو ئاشكرا كرا، هەروەها درێژییەكەی ١١٢ مەتر دەبێت و لەكاتژمێرێكدا بەخێرایی ٣٧٥٠ میلی دەریایی دەروات، واتە بەو ماوەیەدا دەتوانێت لەنیویۆركەوە بگاتە كەناراوەكانی باشووری بەریتانیا.

بەپێی دیزاینی كەشتی ئەكوا، ئەوە كەشتییەكە هۆڵێكی گەورەی وەزرشی كراوەی تێدا دەبێت، كە دەتوانرێت لەناوییەوە رووی زەریاكان ببینرێت، لەبەشی پێشەوەی كەشتییەكەش شوێنێكی تایبەتی تێدا دەبێت، كە چەندین ژووری كەشخە و ئاسوودە لەخۆدەگرێت.

بیڵ گەیتس یەكێكە لەو سەرمایەدارانەی گرنگییەكی زۆر بەوزەی جێگرەوە و كەمكردنەوەی ئەو سووتەمەنیانە دەدات، كە دەبنە هۆی دەردانی گازە ژەهراوییەكان و قەتیسبوونی گەرمی، بۆ ئەوەش چەندین وەبەرهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزەی خۆر و بەرهەمهێنانی هایدرۆجیندا كردووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی