هاوپەیمانی ناتۆ لەسوریا هاوكاری ئەردۆغان ناكات

مەلەفی تایبەت

13/02/2020‌ 2954 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (فزغلیاد) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی فڕوفێڵەكانی ئەردۆغان لەسوریا و وەهمی چاوەڕوانییەكانی بۆ ئەوەی ناتۆ پشتیوانی لێبكات.

بەپێی راپۆرتەكە، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا عومەر جلیك لەو بارەوە وتی: ئەنقەرە پێشبینی ئەوە دەكات ناتۆ پشتیوانی لێ بكات لەپارێزگای ئیدلبی سوریادا.

هاوكات هەر لەو بارەوە شرۆڤەكاری سیاسی (گیفۆرگ میرزایان) دەڵێت: ئەمە فێڵێكی سیاسی گەورەی ترە لەلایەن ئەردۆغانەوە، كە توركیا كەتووەتە نێو تەڵەی سیاسییەوە، هەر كێیەك و هەرچیەك بوترێت، هێزەكانی توركیا بە نایاسایی لەخاكی سوریادان.

وتیشی: لەبەر ئەوە، لە دیدی یاسای نێو دەوڵەتییەوە ئامانجێكی تەواوی شەرعییە بۆ سوپای ئەسەد، كە مومارەسەی مافە سەروەرییەكانی خۆی دەكات لە سوریا.

بەگوێرەی بۆچوونی میرزایان، ئەردۆغان پێویستی بەوەیە سوپاكەی بكشێنێتەوە، بەڵام ئەمە وەك شكست دێتە پێش چاوو زیان بەجەماوەری سەرۆك و حیزبەكەی دەگەیەنێت، كە ئێستا دۆخیان باش نییە.

باسی لەوەش كردووە، كە ئەوەی ئێستا ئەردۆغان گرەوی لەسەر دەكات بەپێی توانا، هەڕەشەی داگیركاریەكی نوێ و داوای پشتیوانی كردنی ناتۆیە.

ئێستا ئەردۆغان هەڕەشەی نوێ دەكات بەوەی داگیركارییەكەی چوارچێوە فراوان ئەنجام دەدات و لە نزیك سنووری سوریا هێزەكانی كۆدەكاتەوە، بەڵام گومان هەیە لەوەی توركیا ئامادەبێت بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی نوێی سەربازی دژی ئەسەد، چونكە ئەو پرسیارە دروست دەبێت، كە ئایا جەماوەری توركیا چۆن رەفتار لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەكەن، بەتایبەتی بەرهەڵستكارەكان؟

لەهەمان كاتدا، ئەسەد لە هەڵوێستەكانی پەشیمان نابێتەوەو تا مردن دەجەنگێ و لە پشتیەوە ئێران هەیە، كە دەستبەرداری سوریەكان نابێت، لێرەدا ئەردۆغان مەترسی شكستێكی گەورەی لەسەرە و رەنگە پێگە سیاسییەكەی لە دەست بدات. 

كاری سەرۆكی توركیا ئەوەیە قەناعەت بە مۆسكۆ و تاران بكات، كە ئەو تا كۆتایی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمە خاڵی بنەڕەتییە لە فیڵكردنەكەیدا، بۆیە ئەنقەرە پەنا بۆ ناتۆ دەبات بۆ ئەوەی پشتیوانی لێبكات.

لەهەمان كاتدا، ئێستا هەلێكی لەبارە بۆ ئەوەی ناتۆ حسابەتەكانی خۆی لەگەڵ توركیا یەكلاییبكاتەوە، رەنگە یەكێك لەئەندامانی ناتۆ بڵێت: ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ توركیا و بەداخەوەین ئەسەد سەربازەكانیان دەكوژێت، بەڵام هیچ هاوكارییەك پێشكەش ناكەین، چونكە ئەمە ناچێتە چوارچێوەی مادەكانی پەیماننامەی ناتۆوە هەروەك میرزایان بۆی دەچێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا