ئاکامی خستنەخوارەوەی فرۆکەی رووسی لەسوریا هەڵگیرساندنی شەڕی هەمەلایەنە دەبێت بۆ تورکیا

جیهان

14/02/2020‌ 7117 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر ئەو ناونیشانە ناتالیا ماکارۆڤا لە رۆژنامەی "فزگلیاد" بەباتێکی نووسیوە تێیدا باسی لەو باجە کردووە کە تورکیا دەیدات ئەگەر بێت و بوێری ئەوە بکات فرۆکەیەکی رووسی لە ئاسمانی سوریا بخاتە خوارەوە . 

لە نووسینەکەدا هاتووە " رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا باسی لەوە کردووە کە ئەو فرۆکانەی لە ئیدلب خەڵکی لاشەڕ و مەدەنی بۆردوومان دەکەن چیتر ناتوانن بەئازادی بفڕن ، هەروەک گوتویەتی دوودڵ نابم لەوەی فەرمانی هێرشکردنە سەر ئەو ئامانجانە دەربکەم کە هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر هێزەکانمان درووست دەکەن ". 

لەوبارەیەوە ، گیڤۆرگ میرزایان توێژەری سیاسی لە بارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بە خستنەخوارەوەی ئەو فرۆکانەی لە ئاسمانی ئیدلب دەفڕن و بۆردوومانی خەڵکی مەدەنی دەکەن بە "ڤزگلیاد"ی گوتووە " ئەگەر بێت و تورکیا لەئاسمانی سوریا فرۆکەیەکی رووسی بخاتە خوارەوە بەو پاساوەی هەڕەشە لەسەر هێزەکانی تورکیا درووست دەکەن ، ئەوە ئەوە رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ بەراورد بەوەی ئەو جارە ڕوودەدات وەک سووکە جەڵتەیەک دەبێت و ئەو جارە لەهەموو بەرەکانەوە گورزی رێکخراو بەر هێزەکانی تورکیا دەکەوێت ". 

هەروەک گوتویەتی " ئەگەر تورکەکان وەک وەڵامێک بۆ گورزی هێزە سورییەکان بۆسەریان فرۆکەی جەنگی یان هێلیکۆپتەرێکی سوری بخەنە خوارەوە ، ئەوە تاڕددەیەک روونە دەکرێت چارەسەر بکرێت ، بەڵام ئەگەر تورکیا هێرشی دوژمنکارانەی پلان بۆداڕێژراو بکاتە سەر سوریا ، ئەوە دەبێت ئەوە لەبەر چاو بیت کە لەسەر خاکی سوریا و لەقوڵایی هێزەکانی سوریادا خاڵی چاودێری تورکیا و سەدان سەربازی تورکی لێیە کە ئەوانە دەبنە بارمتە و  هێزە سورییەکان لەناویان دەبەن ". 

ئەو شرۆڤەکارە باسی لەوە کردووە کە ئەردۆغان پێویستی بەوەیە بروابە خەڵکی تورکیا بهێنێت کە ئەو خۆی نادات بەدەستەوە و هاوپەیمانەکانی تورکیا لەناوچەکە دەپارێزێت ، هەربۆیە دەڵێت " ئێمە لەوە حاڵی دەبین ، ئامادەشین لەسەر ئاستی لێدوان و هەڕەشەی میدیایی لێی قبووڵ بکەین ، بەڵام نەوەک بیخاتە بواری کردارییەوە ". 

لەگەڵ ئەوەشدا ، میرزایان پێشبینی ناکات وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یان ناتۆ هیچ یارمەتییەکی سەربازی کارا پێشکەشی ئەردۆغان بکەن . 

وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی