"دێوی خۆڵین".. وێنەیەكی دەگمەن لە مەریخەوە

هەمەڕەنگ

15/02/2020‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كامێرایەكی سەر بەئاژانسی گۆشاییگەری ئەمەریكی "ناسا" لەكاتی چالاكی و گەڕانەكانی لەسەر هەسارەی مەریخ، وێنەی گێژەڵووكەیەكی خۆڵینیان گرتووە، كە ناوی "دێوی خۆڵین"ی لێنراوە.

دێوە خۆڵینەكە گێژەڵووكەی تەپوتۆزییەو بەخێراییەك دەروات، كە رەنگە بگاتە ١٠٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، كە ئەو جۆرە گێژەڵوكانەش لەسەر زەوی و مەریخیش روودەدەن.

تیمی سەرپەرشتیار بەسەر كامێرای HiRISE، كە لەسەر گالیسكەی "مارس ریكۆنیسانس ئۆربیتەر" دانراوە و تایبەتە بەدۆزینەوە لەسەر هەسارەی سوور دەڵێت: ئەو وێنە نایابە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو گیراوە.

تیمەكە لەبەیاننامەیەكدا رایاگەیاندووە، كە "دێوی خۆڵین" پانییەكەی ٥٠ مەتر دەبێت، لەكاتێكدا بەرزییەكەی دەگایە ٦٥٠ مەتر.

هەروەها شارۆن وێڵسۆن لەتیمی سەرپەرشتیكردنی كامێراكە دەڵێت: چەندین وێنەی ئەو ڕێچكەیە هەیە، كە دێوی خۆڵین لەدوای خۆی دروستی كردووە، بەڵام بەدەگمەن دەتوانرێت لەحاڵەتی جوڵەكردندا وێنەیان بگرێت.


وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی