داوا لەئەردۆغان دەكرێت چاو بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ روسیا بخشێنێتەوە

مەلەفی تایبەت

15/02/2020‌ 1517 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی گەمەكانی توركیا لە ئیدلب و ئارام نەگرتنی مۆسكۆ لە رەفتارەكانی ئەنقەرە و پابەندنەبوونی ئەردۆغان بە پەیمانەكانی نێو رێككەوتننامەی سوچی.

بەپێی راپۆرتەكە، لە ئەنقەرە بەرپرسیارییەتی كوشتنی سەربازە توركەكان لەئیدلب دەخەنە ئەستۆی روسیا و پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی هاوپەیمانی دادوگەشەپێدان رایانگەیاندووە پێویستە چاو بەپەیوەندیەكان لەگەڵ روسیا بخشێنرێتەوە، بەڵام پاشەكشەی پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و توركیا رەنگە رەنگدانەوەی لەسەر كێشەی لیبیادا هەبێت.

لەو بارەیەوە، شرۆڤەكاری سیاسی (كەریم هاس)، دەربارەی لێكەوتەكانی دۆخی لیبیا دەڵێت: لە هەوڵی سازش كردن لەلایەن مۆسكۆوە لە ئیدلب، هیچ شتێك لە بەرانبەر ئەنقەرەدا نییە جگە لە پێكەوە بەستنی ئەو دوو رووبەرووبوونەوەیە نەبێت، كە هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نییە، مۆسكۆش لای خۆیەوە نیازی راستەقینەی ئەنقەرە دەزانێت، بەدڵنیاییەوە نایەوێت دۆخی لیبیا و ئیدلب بخاتە یەك سەبەتەوە. 

هەروەها ئاماژە بۆ پێویستی كۆت و بەند دەكات سەبارەت بە ئیدلب، ئەویش بەگوێرەی رێككەوتنەكانی سوچی، كە لە 17ی سیپتەمبەری 2018 دا واژوو كراوە.

هاس تێبینی ئەوەی كردووە، خاڵە سەرەكییەكانی مامەڵەی سوچی، لە نێویاندا ناوچەیەكی داماڵراو لەچەك بە قووڵایی 15 بۆ 20 كلم و كردنەوەی بەشێك لە رێگا سەرەكیەكانی ئێم  و ئێم 5 و دەركردنی توندڕەوەكان، ئەنقەرە لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێبەجێیان ناكات.

هاس وای دەبینێت، ئەنقەرە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان پەلە ناكات، ئەمەش بەراستی سەرچاوەی بێزاری دەبێت بۆ كرملین، لە هەمان كاتدا، رووداوەكانی ئەم دوایەی ئیدلب ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن سوپای ئەسەدو ئەنقەرە رووبەرووی یەكتری ببنەوە و مۆسكۆش ئارامگری لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە. 

لەلایەكی ترەوە، نابێت ئەوە لە یاد بكەین روسیا وەك گەمەچیەكی سەرەكی لە ئیدلب دەمێنێتەوە. بەڵام لە لیبیا سەرەرای توركیا و روسیا وڵاتانی تری كاریگەر بونیان هەیە وەك فەرەنسا و ئیتالیا و ئەمریكا و مصر و ئیمارات، ئەمەش لە رووی بابەتیەوە رێگە بە ئەنقەرە نادات فشار بخاتە سەر مۆسكۆ بە قەد ئەوەی لەسەری دەكەوێ و مەرجی زیاتر لە ئیدلب بسەپێنێ.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا