عەبدوڵڵا گویل: ئیسلامی سیاسی لەجیهاندا هەرەسیهێناوە

ڕاپۆرت

20/02/2020‌ 1919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدوڵڵا گویلی سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا، دوای دووركەوتنەوەیەكی زۆر لەگۆڕەپانی سیاسی، لە چەند لێدوانێكی دەگمەندا دەڵێت: ئیسلامی سیاسی لە هەموو جیهاندا هەرەسیهێناوە.

ناوبراو ئەو لێدانەی بۆ ڕۆژنامەی "قەرار" داوە، تێیدا باسی لەچەند پرسێكی وڵاتەكەی‌ كردووە، وەك دۆخی سیاسی، پارتە تازەكەی عەلی باباجان، ڕووداوەكانی باخچەی غیزی ساڵی 2013، كە پشتیوانی لێ دەكات.

سەبارەت بە پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا دەڵێت: بزووتنەوە سیاسییە خاوەن باكگراوندە ئیسلامییەكان، كاتێك دەتوانن بگەنە دەسەڵات، كە دیموركراسی و لیبڕاڵیبن و ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرن.

گویل وتیشی: پارتی داد و گەشەپێدان لە یەكەم گرتنەدەستی دەسەڵاتدا لە 2002 ، نموونەیەكی جوان بوو، بەگوێرەی پێودانگە ئەقڵییەكان فەرمانڕەوایی دەكرد، بۆیە لە ماوەی یەكەمی دەسەڵاتداری خۆیدا سەركەوتوو بوو، سەرچاوەی ئیلهامی جیهانی ئیسلامی و تەنانەت بزووتنەوە ئیسلامییەكانیش بوو، بەڵام دۆخەكە گۆڕا، چونكە ئەو پارتە لەمیتۆدە دیموكراسییەكەی دووركەوتەوە.

گول جەختی لەوەش كردەوە، كە دەبێت ئەو پارتە بگەڕێتەوە سەر بنەما سەرەكییەكانی خۆی، دەبێت پەرلەمانی توركیاش، چالاكییە یاساكارییەكانی پێشووی دەست پێبكاتەوە.

گویل ئاماژەی بەوەشدا، گۆڕانی سیستەمی فەرمانڕەوایی توركیا، بەخشینی دەسەڵاتێكی فراوان بە سەرۆك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەگوێرەی دەستوور، لەسەر هەگبە و كەوڵی پەرلەمان و حكومەت بوو، پەرلەمانی توركیای زۆر لاواز كردووە و كردویەتی بەپەرلەمانێكی ڕوخساری ڕواڵەتی.

گویل پشتیوانی خۆشی نەشاردەوە بۆ عەلی باباجانی وەزیری دارایی پێشووی توركیا، كە تازە بە تازە پارتێكی سیاسی دامەزراندووە، زۆر لە سەرچاوەكانیش دەڵێن: گویل پشتیوانی باباجان و پارتەكەیەتی.

هۆكاری وازهێنانی عەبدوڵڵا گویل لە پارتی داد و گەشەپێدان، بەهۆی ناڕەزایی ناوبراو بوو، لە شێوازی بەڕێوەبردنی پارتەكە لە لایەن ئەردۆغانەوە.

سەبارت بە پارێزگای "ئیدلب" یش گویل وتی: نابێت شەڕێكی سەراپاگیر لەسوریا بەرپا بكەین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتیوانی بەردەوامی توركیا لە گروپە چەكدارەكانی باكووری ڕۆژئاوای سوریا.

هەروەها وتیشی: شێوازی مامەڵەی جیهان لەگەڵ پرسی سوریادا، هەر لە سەرەتاوە تەواو هەڵە بووە، گویل مامەڵەی موشەكی ئێس – 400 ڕوسی نێوان توركیا و ڕوسیاشی ڕەتكردەوە.

گویل ئەوەشی وت: لە بەرانبەر ڕووداوە كۆمەڵایەتییەكانی وەك خۆپیشاندانەكانی باخی غیزی بێدەنگ بووە، كە پۆلیس زۆر بە توندی مامەڵەی لەگەڵ كرد، باسی لەوەش كرد، كە ئیدارەدانی ئەو خۆپێشاندانە لە لایەن دەسەڵاتەوە باش نەبووە.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر