فازڵ میرانی: ئەوەی عەلاوی دەیكات كودەتایە

کوردستان

27/02/2020‌ 1373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە مەرج و داواكاری كورد دەكات بۆ بەشداری كردن لەكابینەی نویی حكومەتی عێراقی و بژاردەكانی بەردەم كورد.

فازل میرانی لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: من وەك پارتییەك قسە ناكەم، بەڵكو وەك كوردستانییەك قسە دەكەم، عەلاوی وا دەزانێت لە مەریخەوە هاتووە، نازانێت "ئەصلەن" عێراق وڵاتێكە لەساڵی 1958 وە لەسەر سێ كوچكەكەی سونە و شیعە و كورد دروست بووە، كە عبدالكریم قاسم هاتووە سەر حوكم، محەمەد نەجیب ڕوبەیعی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی، سونی بووە، محەمەد مەهدی كوبە شیعە بوو، خالید بن نەقشەبەندی كورد بووە، ئەم هەموو حیزبانە خەباتیان كردووە بەتایبەتی ئێمەی كورد شۆڕشمان كردووە، دنیایەك " شەهیدمان " داوە، ئەكرێ ئەمڕۆ حەقی ئەوەمان نەبێ وەك كیانێكی فیدڕاڵی ‌ كاندیدی خۆمان دابنێین كە نوێنەرایەتیمان بكات لە عێراق؟

سەبارەت بەوەی ئەگەر كورد بەشداری حكومەتی عیراقی نەكات چی دەكات؟ فازڵ میرانی دەڵێت: زۆر شت دەتوانین بكەین ، ئەوە نەبێت كورد بێ دەسەڵات بێت هەتا ئێستا چوار كودەتای سەربازی لەعیراقدا كراوە، ئەمەی عەلاوی دەیكات كودەتای پێنجەمە، بەڵام بەرگێكی سیاسی لەبەر كردووە، لەبەر ئەوە هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە كورد و عەرەب و توركمان و ئەرمەنەوە چیتر ڕازی نیین حوكمێكی شمولی جا قەومی بێ یان تائیفی بێ هەرچیەك بێت قبوڵ بكرێت، گەلی عێراق چیتر ناچێتەبەر حوكمێكی شمولی ئەمەمان قبوڵ نییە.

میرانی ئاماژەی بەوەشكرد، لە بڕیاری دەركردنی هێزەبینایەكان و هێزەكانی ئەمریكا تەنیا دەنگی شیعە بوو، كوردو سوننەو پێكهاتەكانی تر بەشدار نەبوون، بەڵام ئەوەتا بڕیارەكە جێبەجێنەكرا حكومەتی بەتەنیا شیعەش هەروای لێدێت.

هەروەها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كورد دەتوانێت چی بكات ئەگەر بەشداری حكومەتی نوێی عێراقی نەكرد بژاردەكانی بەردەمی چی-ن؟ فازڵ میرانی دەڵێت: دەتوانین لەم حكومەتە بەشدار نەبین، بەڵام ئێمە داوای هەڵبژاردنی پێش وەختەی لێدەكەین، ڕوبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و ئەوانەی خۆپیشاندانیان كوشتووە بیگرن و بیدەن بەدادگا، "دنیایەیەك"‌ بەڵێنی لەسەرخۆی داناوە، لەلایەكی ترەوە مومكین نییە لەم وڵاتە حوكمی یەك قەومی یەك تایفی بەڕێوە بچێت لەعیراق.كورد میللەتی دووەمە لە عێراقدا، ئێمە فیدڕاڵییەكی دەستوریمان هەیە، هەروەها سوننە پێكهاتەیەكی سەرەكی یە، توركمان و ئاشوری پێكهێنەرێكن ناكرێ حوكمەت سەركەوتوو بێت، بەڕێوەبچێت بەبێ ئەم پێكهاتانە.

میرانی ڕوونیكردەوە، بژاردەكانی بەردەم كورد یەكێكیان ئەوەیە، كە ئێمە داوای مافە دەستوریەكانی خۆمان دەكەین. دووەمیان ، وەكو عێراقی ئێمە بەشداری لەگەڵ هێزە عێراقیەكان دەكەین داوای ئاسایش و سەقامگیری و بنیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی عیراق دەكەین ، ئەم حوكمەتە 2003 وە هیچی نەكردووە بەسەدان ملیار دۆلاری عێراق سەرف بووە." عەلاوی خۆی كاندیدی دوو حیزبە و دەڵێ نوێنەری حیزبەكان قبوڵ ناكەم. خۆی كاندیدی لیستی فەتح و سائیرونە. ئێمە كاندیدی خۆمان بەناوی كاندیدانی هەرێمی كوردستان پێش كەش دەكەین. ئێمە هەرێمیكین فیدڕاڵیین، ئێمە حیزبێك نیین لەبەغداد دانیشتبیین. یەكەم ئێمە میللەتێكین نەتەوەی دووەمین لەعێراق. دووەم ئێمە فیدڕاڵیەكی دەستوریین ، ئەوەی حیسابمان بۆ نەكات، ئێمەش نە هاوكاری دەبیین و نە حسابی بۆ دەكەینەوە. ئێمە نابیینە ئۆپۆزیسییۆن، چونكە ئێمە شەریكی ئەم وڵاتەین، بەشێكین لە عێراق و ئێمە فیدڕاڵیمان هەیە، ئێمە داوای مافە دەستورییەكانی خۆمان دەكەین، ئێمە حیزبێك نیین بەڵكو ئێمە كیانێكی دەستوریین و ئێمە میللەتێكیین. كورد یەك دەستە و یەك ڕایە هەم ئەو وەفدەی چووە و كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گۆڕاوە و وەزعی عێراق گۆڕاوە هەم جوگرافی و هەم سیاسی. ئێمە دوا بڕیارمان نەداوە بەڵام یەك هەرێمی كوردستان مافی دەستوری خۆی دەوێ. دووەم ئەو شێوەی عەلاوی دەستی پێ كردووە نەك هەرێم بە سونە و شیعە و كوردەوە پێ ی ڕازی نیین.لەبەرئەوە ئێمە ناتوانیین لەگەڵ ئەمە بگونجێین.عێراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدایە بۆ ئەوەی ئەمن و ئیستقرار هەبێ. "

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، ئێمە وەك لایەنە كوردستانیەكان وەفدێكی تازە دەنێرینەوە بۆ بەغداد و لەگەڵ ئەم پێكهێنەرانەی تری عێراق قسە بكەنەوە. سێیەم حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها لایەنە بتوانێ كاندیدەكانی خۆی دەست نیشان بكاتەوە بۆ بەشداری لە حكومەت.

میرانی ڕەتیكردەوە كورد ببیتە ئۆپۆزسیۆن لەكابینەی نوێی حكومەتی عیراقی و وتی: ئێمە مافی دەستوریمان هەیە ، بەڵام ئێمە نابیینە ئۆپۆزیسییۆن، مامەڵە جیاوازی هەیە لەگەڵ دانپێدانان، دەبێت ئەم پرسیارە لە عێراق بكەین ئایا هاوڵاتی هەرێمی كوردستان عێراقیین یان نا؟ ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو كوردانە ناكەین كە ئەوان لەجیاتی ئێمە دای بنێین، ئەوانە ناتوانن نوێنەری كورد بن . ئەوانە دەتوانن بۆ خۆیان فەرمانبەر بن، بەڵام بەنوێنەری ئێمە قبوڵیان ناكەین.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختیكردەوە، هەركوردێك لەكابینەكەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە كوردییەكان و حكومەتی هەرێم كاندیدی بكات ڕەنگە خراپتر لە (تەها محێدین) سەیری بكەین."

میرانی ئەوەشی وت: عێراق ئەو عێراقە نیە كە بتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەرچی بیەوێت بیكات نە لەڕووی ئابورییەوە نە لەڕووی ئەمنیەوە، دووەم ئەمڕۆ عیراق ئەندامە لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەموویان چاویان لەسەر عێراقە، لەبەرئەوە عێراق ناتوانێت بەجۆرێكی ناتەندروست مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە بكات."

سەبارەت بەوەی ئەگەر كورد بەشداری حكومەتی عێراقی نەكات چەندە كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی موچەبڕینی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێمە؟ فازڵ میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی: ئایا ئێمە شۆڕشمان كردووە و "یەك دنیا شەهید-مان" داوە بۆ موچە یان بۆ مەسەلەیەكی نەتەوەیی؟ بۆ كیانێكی قەومی خەڵك ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر مالیكیش مووچەی بڕی وای بیردەكردەوە كە میللەتی ئێمە دژی ئێمە هەڵدەستن‌، بە پێچەوانەوە مامۆستا بەبێ مووچە وانەی وتەوە و هەموو فەرمانبەران دەوامی خۆیان كرد، تەنانەت پێشمەرگە بەبێ مووچە لە ئەركی خۆیاندابوون. لەبەر ‌ئەوە ناتوانێت هەڕەشەی ئابوری لە ئێمە بكات، ئێمە فێربووین، میللەتی كورد میللەتێكی ئازایەو میللەتێكی خۆڕاگرە و ناخۆشیەك كە مرۆڤ لەگەڵی ڕاهات مەسەلەكە تەنها ئیرادەیە، بەرگری دەكەین و دەبێت ئەوان بزانن كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش و پرەنسیبی دەستوەردانی مرۆیی لەیاسای نێودەوڵەتیدا هەیە، چیتر ئەوە بۆ هیچ حوكمەتێك ناچێتەسەر وابەسەر میللەتی خۆی بهێنێ. دوو شت هەیە هێزی لۆژیكی و لۆژیكی هێز، لۆژیكی هێز ئەوانەن كە دەسەڵات بەكار دەهێنن، هێزی لۆژیكی-ش ئێمەین كە میللەتێكین حەقمان هەیە داوای مافی خۆمان بكەین تا بكرێت بە ئاشتی ، هەڕەشەمان لێكراوە بەرگریش مافی ڕەوای خۆمانە."

میرانی دەشڵێت: ئاگامان لەخەڵكی خۆمان هەیە، تەجربەی ڕابردووی بێ مووچەییمان بینی، خەڵكی ئێمە لە ئێمەهەڵنەستاوە، ئێستاش ئەگەر بێ مووچەیی بمێنیین، حكومەتی عێراق بە ئەنقەست وا بكات، من وای بۆ ناچم ناكەم میللەتی كورد تەسلیمی ئیرادەی ناحەزانی كورد بێت."

فازڵ میرانی لەكۆتایی وتوێژەكەدا ڕەخنەی لەو پەرلەمانتارە كوردانەی دەروەی پارتی و یەكێتی دەگرێت كە پارتی و یەكێتی بەوە تۆمەتباردەكەن جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەت دەكەنەوە، وتی" من لەكۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكان لەسەرۆكایەتی هەرێم باسی ئەو بابەتەمكرد و وتم بەداخەوە هەندێك لەنوێنەری حیزبەكان دەڵێن ئێمە لە بەغداد مووچە و بودجەمان دابین كردووە، پارتی و یەكێتیش ماون لەپێناو دابینكردنی پۆستی وەزارەت بۆخۆیان. وتم ئەگەر پارتی و یەكێتی نەبێت نە ئێوە مووچە وەردەگرن و نەكەسیش ڕێزتان لێ دەگرێت."