ئەردۆغان لێدانەكانی ئاراستەی روسیا دەكات

لە میدیاکانەوە

27/02/2020‌ 4798 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (سفوبودنایا پریسا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی بە دڵنیاییەوە دەرچوونی هێزەكانی توركیا لە پارێزگای ئیدلیب، جا بە رێكەوتن بێت لەگەڵ روسیا، یان بەزەبری هێز.

بەپێی راپۆرتەكە، ناوەندی ئیدلیب بووەتە بەرەیەكی نوێ، هێزەكانی دیمەشق بە شێوەیەكی بەرچاو چوونەتە نێو قووڵایی پارێزگاكەوە و هێڵی رووبەرووبوونەوەیان بردووەتە بەردەم شارەكە، بەڵام سەركەوتنەكانی چەند مانگی رابردووی دیمەشق بەم نزیكانە لەلایەن ئەنقەرەوە لەبار دەبرێت، توركەكان هێزو چەك و چۆڵەكانیان دەگوزانەوە بۆ ئیدلیب، ئەمەش دەبێتە مایەی بەرەوپێشچوونێكی زۆر لە توانای هێزە ناوخۆیەكان (ئەوانەی دەیانەوێت جیاببنەوە و چاوەڕوانی یارمەتیەكانی توركیا دەكەن). 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو یارمەتیدانە بە شێوەیەكی سروشتی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕكردن، بۆ نموونە، لەم چەند رۆژەی دواییدا چەكدارەكانی ئیدلیب لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر شارۆچكەی (نیرب) سەركەوتوو بوون.

بەڵام شارەزای بواری سەربازی (ئەلێكسی لیونكۆف) وای دەبینێت دووبارە داگیركردنەوەی (نیرب) بە رێككەوتن بوو بێت و لە شێوەی پاشەكشەیەكی تەكتیكیدایە و جۆرێكە لە رازی كردنی ئەردۆغان.

لەبارەی ئەو پرسیارەی ، كە ئایا ئەمە مانای وایە مۆسكۆ رێگە بۆ دانوستان خۆش دەكات؟ ئەو دەڵێت: بەڵێ، بەڵام لە هەمان كاتدا، بروام وایە گفتوگۆكان لەگەڵ توركیا زۆر قورس دەبن، بەمانای ئەوەی بژاردە پێشنیاركراوەكانی ئەنقەرە تاقیكراونەتەوە و هیچیان جێبەجێنەبوون. 

ئەوەش دەڵێت: دەبێت پرسەكان چارەسەر بكرێت تا توركەكان ئیدلیب بەجێدەهێڵن و ناوچەكە چۆڵ دەكەن، بە شێوەیەكی گشتی، پارێزگاكە دەگەرێتەوە ژێر دەستی دیمەشق، ئەم سیناریۆیە راستترەو لە هەمویان واقیعی ترە.

ئەمە كەی روودەدات؟
ئەگەر ئەردۆغان هەلوێستەكەمان قبووڵ بكات، تا كۆتایی ساڵ هەموو شتەكان كۆتایی دێت و رەنگە پێش ئەو كاتەش بێت، بەڵام ئەگەر سیناریۆی هێز بەكار بهێنێت، ئەوا بابەتەكە كەمێك دوا دەكەوێت. 

باسی لەوەش كردووە، كە لێرەدا، دەبێت ئەوە روون بێت كە دۆخی ئەردۆغان لەم حاڵەتەدا زۆر خراپ دەبێت. بەوەی چەند خاڵێك لەگەڵ بەرهەلستكارانی وڵاتەكەی لە دەست دەدات، و لەهەمان كاتدا روبەروی شكستی ئابوری دەبێتەوە. بڕوام وایە لە ئیدلب بەدڵی ئێمە دەكات، نایەوێ ئەوەی هەیەتی قوربانی پێ بدات. لەبەرئەوەی پرۆژەكانی ئێستای لەگەڵ روسیا ئابوریە لەرزۆكەكەی توركیا ڕاست دەكاتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا