ئەو كەشتییەی چارەنووسێكی رەشی بۆهێنان.. چۆن ئەنفلۆزای ئیسپانی دانیشتووانی دوورە دەستەكانی لەناوبرد؟

لە میدیاکانەوە

16/03/2020‌ 1503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 كاتێك لەساڵی ١٩١٨ ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبووەوە بەجۆرێك لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا و ڕێژەی مردنی خەڵك گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی، لەوكاتەدا ژمارەیەكی زۆر لەناوچە كارەساتبارەكان دەستیان كرد بە گرنتنەبەری چەند ڕێوشوێنێكی توند بۆ سنووردانان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە و كۆنترۆڵكردنی .

لەكاتێكدا هەندێك لە ناوچەكان سەركەوتوو بوون لە كەمكردنەوەی ژمارەی مردووان و دووركەوتنەوە لە خراپبوونی زیاتری دۆخەكە، بەڵام هەندێك جێگای وەك كلیفلاندی ئەمەریكا هەندێك ڕێوشوێنی سادە و درەنگ وەختیان گرتەبەر، بۆیە رێژەی ئەوانەی بەهۆی نەخۆشییەكەوە مردن بەرز بوون .

لەو كاتەدا دانیشتووانی ژمارەیەكی زۆر لە دورگەكانی زەریای هێمن پێیان وابوو بەهۆی فاكتەری جوگرافی و بەوپێیەی بەتەواوەتی لەهەموو كیشوەرەكانی تر دابڕوان، كە نەخۆشی ئەنفلۆنزای ئیسپانیان تێدا بڵاوبووەتەوە، بەو پێیە  ئەوان بەتەواوەتی پارێزراون و لەنەخۆشییەكە بەدوورن تا ئەوكاتەی كەشتی  SS Talune لەبەندەرەكانیان لەنگەری گرت و چارەنووسی گۆڕین.

كەشتی "ئێس ئێس تالون" لەساڵی ١٨٩٠ دا بەفەرمی خرایە ناو خزمەتی یەكێك لە دامەزراوەكانی گواستنەوەی دەریایی نیوزلەندا، كە زیاتر لە هەزار تۆنی لێ بار كرابوو، تیمی كەشتییەكەش لە ٥٦ كەس پێكهاتبوو، لەكاتێكدا جێگای ١٧٥ كەسی تێدا دەبووەوە .

لە حەوتی نۆڤەمبەری ١٩١٨ كەشتییەكە لە بەندەری "ئۆكلاند"ەوە هاتبوو لەناوچەی "ئەپیا"، كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی "ساموا" لەنگەری گرت، لەڕێگایدا و پێش ئەوەی بۆ بەندەری ئۆكلاند بگەڕێتەوە بەهەریەك لە ناوچەكانی "فیجی" و "تۆنگا" و "نارو"دا رەتبوو .

لەو ماوەیەدا، نەخۆشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی تێدا بڵاوببووەوە و ژمارەیەكی زۆری خەڵكەكەی كوشتبوو، پێش ئەوەی كەشتی ئێس ئێس تالون بەدەری ئۆكلاند بەجێنهێڵێت رایگەیاندبوو، كە بەشێك لە تیمی كەشتییەكە تووشی نەخۆشییەكە بوون، بۆیە ناچار بوو لەڕێگادا جێیان بێڵێت و ناچاریان بكات دابەزن، لەگەڵ گەیشتنیشیان بە ناوچەی "سوڤا" لە فیجی دەركەوت، كە ژمارەیەكی زۆرتری تیمی كەشتییەكە نەخۆشن .

لە ڤیجی، نزیكەی ٩٠ كرێكار دەستیان كرد بە داگرتنی بارەكانی كەشتییەكە، لەگەڵ گەیشتنی كەشتییەكە بە ناوچەی ساموا بەفەرمی راگەیاندرا، كە ئەو نەوەد كرێكارە تووشی نەخۆشییەكە بوون، بۆیە زۆر بەخێرایی نەخۆشییەكە لە فیجی بڵاوبووەوە. 

بەهەموو ئەو ناوچانەی كەشتی ئێس ئێس تالوون پێیان رەت بووبوو نەخۆشییەكەی گواستبووەوە، بۆیە ناوچە هەر دوورەدەستەكانی دنیا بەهۆی كەشتییەكەوە نەخۆشییەكەیان تێدا بڵاوبووەوە .

لە نیوزلەندە تەنیا لەماوەی شەش هەفتەدا ١٠ هەزار كەس بەهۆی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە گیانیان لەدەستدا، بەڵام لەو دوورگانەی كەشتی ئێس ئێس تالوون بەناویدا رەتبووبوو كاریگەرییەكە زۆر گەورەتر بوو، بەجۆرێك لە ساموا ٨٥٠٠ كەس گیانیان لەدەستدا، كە دەیكردە ٢٢٪ ی دانیشتووان ، هەروەك لە تۆنگا دوو هەزر و پێنجسەد كەس گیانیان لەدەستدا، كە دەیكردە ١٠٪ ی دانیشتووانی دورگەكە .

لە فیجی بەهۆی نەخۆشی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە ٥٪ ی دانیشتووان گیانیان لەدەستدا، تەنانەت دورگەی "تاهیتی" تووشی چارەنووسێكی رەش هاتن و ١٧٪ی خەڵكەكە بە ڤایرۆسەكە مردن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی