گەنجانیش لەڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو نین

تەندروستی

23/03/2020‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەكرێت تووشی گەنجانیش ببێت‌و بیانكوژێت، بۆیە دەبێت لە تێكەڵاوی و شوێنی قەرەباڵغ دووربكەونەوە و نەیگوازنەوە بۆ كەسانی بەساڵاچوو، ئەو چینانەی زیاتر مەترسیان لەسەرە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆس بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئۆنلاینەوە رایگەیاند، پەیامێكم بۆ گەنجان پێیە، ئێوەش پارێزراو نین، ئەو ڤایرۆسە تووشی ئێوەش دەبێت و بۆچەند هەفتەیەك دەتانخاتە نەخۆشخانە تەنانەت رەنگە بتانكوژێت، ئەو بژاردانەی هەڵیاندەبژێرن لەبارەی ئەوەی بۆ كوێ دەچن رەنگە ببێتە خاڵی جیاكەرەوەی نێوان ژیان و مردنی كەسێكی تر.

هەروەك مایك رایان گەورە شارەزای فریاكەوتن لەڕێكخراوەكە وتی: لەژێر سایەی كەمی پێداویستییە خۆپارێزییەكان بۆ كارمەندانی كەرتی تەندروستی و تاقیگەكانی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە، پێویستە "پردی ئاسمانی" بۆ گواستنەوەی یارمەتییە پزیشكییەكان بۆ وڵاتان دروست بكرێت.

هەروەك وتیشی: ڕێكخراوەكە 1.5 ملیۆن یەكەی تێستكردنی لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە 80 ئەوەندە هەیە.