سەرۆككۆماری عێراق: بەیەكەوەبونمان هۆكارێكی گرنگە بۆ زاڵبون بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا

عیراق

23/03/2020‌ 280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرۆككۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، تیمە پزیشكیەكان لەهێڵی پێشەوەی شەڕی كۆرۆنادان. 

د.بەرهەم لە وتارێكدا ئەمشەو كە سەبارەت بە كۆرۆنا پێشكەشیكرد رایگەیاند،"ئەم گەلە شەهامەتە دەبێت لەم دۆخە سەختەدا پێكەوەبێت"

ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت لەم دۆخە ئاوارەكان لەبیر بكەین. 

لە پەیامەکەیدا کە ئاڕاستەی گەلانی عێراقیكرد، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەکردوە، هەروەکو رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیانددوە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەتە هەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی، لە وڵاتیشدا لە چەند هەفتەی رابردودا ژمارەیەک حاڵەتی توشبون بەو پەتایە تۆمارکراوە و وەکو شانەی قەیرانەکان رونیکردوەتەوە زۆرینەیان ئەو کەسانەن کە لەدەرەوەی عێراق گەڕاونەتەوە "ئێمە داوای لێخۆشبون بۆ ئەو هاوڵاتیانە دەکەین کە بەهۆی پەتاکەوە گیانیانلەدەستداوە".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، بەداخەوە سەرەڕای گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان لەلایەن هەردوو حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردودا، بەڵام حاڵەتەکانی توشبون بە کۆرۆنا بەرزبونەتەوە.

سەرۆككۆمار لەبەشێكی دیكەی وتارەكەی باسیلەوەكرد، ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان مەرجەعیەت و کەسایەتییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیریی و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین، لە هەمانکاتیشدا پێویست دەکات هاوڵاتیان زیاتر لەبارەی رێکارە خۆپارێزییەکان بەرامبەر ئەو پەتا جیهانییە هۆشیار بکرێنەوە.
 
جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە هەمو لایەک لە ئاستی قەیرانەکەدا مامەڵەبکەن، بەتایبەت ئەگەر خوانەخواستە پابەندنەبون بە رێنماییەکان و قەدەغەی هاتوچۆوە نەکرا و لە کاتی نەبونی ژێرخانێکی پتەوی تەندروستیشدا پێویست دەکات باجێکی زیاتر بدرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، لەلایەکی دیکەشەوە داواکارن لە هەمو کەسانی سەرمایەدا کە بە گوێرەی توانا هاوکاری دەزگاکانی دەوڵەتبن و لە هاوکاریکردنی کەسانی کەمدەرامەت درێغی نەکەن.

رونیشیکردوەتەوە، بەهەوڵی کەرتی تەندروستی عێراق و پشتیوانی  رێنماییەکانی مەرجەعییەت ژمارەیەکی بەرچاوی حاڵەتی چاکبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، لە هەمانکاتیشدا جەخت دەکەینەوە لە پابەندبونی هاوڵاتیان بە رێنماییەکان و قەدەغەی هاتوچۆ، دەزانین رێنماییەکان کاریگەری لەسەر لایەنی ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانی تاک دەبێت بەڵام ئەو رێکارانە تاکە رێگای بەردەم دەزگاکانی دەوڵەتن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ئەو پەتا جیهانییە.
 
لەكرتایی وتارەكەشی د.بەرهەم ساڵح، سوپاسی رۆڵی هێزە چەکدارەکان، پۆلیس، هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە دەکات کە رۆڵێکی بەرچاو لە پاراستنی ئاسایش و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکاندا دەبینن، هەروەها سوپاسی هەمو ئەو گەنج و چالاکوانانە دەکات لە رێگەی پەڕەکانی خۆیان لە هەژمارە کۆمەڵایەتییەکان رێنماییە تەندروستییەکان و هۆشیاری بڵاودەکەنەوە و رێگری لە بڵابونەوەی بێ ئومێدیی دەکەن.