ئێرانییەكان سەرەڕای داخستنی سنوورەكان بەردەوامن لەسەردانی شوێنە ئاینییەكانی عێراق

عیراق

24/03/2020‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەگەڵ ئەوەی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سنوورەكانیان بەتەواوەتی لەگەڵ وڵاتی ئێران داخستوون، بەڵام بەپێی گرتە ڤیدیۆیەك، كە چالاكە عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت و دەردەكەوێت، كە ئێرانییەكان بەردەوامن لە هاتن بۆ عێراق.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی چەند چالاكێكی عێراقی بڵاویان كردووەتەوە دەردەكەوێت، رۆژی دووشەممەی رابردوو ژمارەیەك كەسی ئێرانی سەردانی عەتەبەی عەبباسییە لەكەربەلا دەكەن و وێنەگرەكە و ئەوەی لەگەڵییەتی دەڵێن: ئەوانە ئێرانین.

بەردەوامی سەردانی ئێرانییەكان بووەتە جێگای سەرسووڕمانی چالاكانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی پارێزگاكە باس لەوە دەكەن، كە دەروازەكانیان تەنانەت بەڕووی هاووڵاتییانی عێراقیشدا داخستووە.

لەبەرانبەردا پۆلیسی پارێزگای كەربەلا بەیاننامەیەكی دەركردووە و تێیدا ئەوەی روونكردووەتەوە، كە ئەو كەسانەی لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەردەكەون كرێكاری ئێرانین ساڵی رابردوو هاتوونەتە پارێزگاكە، لەگەڵ ئەوەی مێژووی ڤیدیۆكە ٢٣ی مارسە.

پۆلیسی كەربەلا راشیگەیاندووە، كە ئەو كەسانە كرێكاری ئێرانین و ساڵی ٢٠١٩ هاتوونەتە پارێزگاكە و گرێبەستی كاریان لەگەڵ ئەمیندارێتی گشتی عەتەبەی عەبباسییە هەیە و بۆ ئەوەی لەیەكێك لە پرۆژەكانیاندا كار بكەن.

هەروەها رایگەیاند، گرێبەستی ئەو كەسانە لەكۆتاییدایە و ماوەی مانەوەشیان تەواو بووە، بۆیە داوای كردووە كە عەتەبەی عەباسییە كاروبارەكانیان رێكبخات بۆ ئەوەی بۆ وڵاتی خۆیان بنێردرێنەوە، ڕاستییەكەشی ئەوەیە ئەوان لەم ماوەیەدا لە ئێرانەوە نەهاتوون بۆ عێراق.

ماوەی مانگێك دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاندووە، دەروازەكانیان بەڕووی وڵاتی ئێراندا داخستووە و جگە لەو عێراقییانەی لە وڵاتی ئێران بوون ڕێگە بەهیچ ئێرانییەك نادرێت بێتەناو عێراقەوە.

بەڵام سەرچاوەیەك بە كەناڵی حوڕرەی ئەمەریكی راگەیاندووە، هێشتا دەسەڵاتدارانی پارێزگاكە ڕێگە بە ئێرانییەكان دەدن بێنە عێراقەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەماوەی یەك هەفتەدا نزیكەی ٢٥ سەردانكەری ئێرانی هاتوونەتە پارێزگاكە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی