بۆ جێبەجێکردنى رێکارەکانى رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای بڕینی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت

عیراق

24/03/2020‌ 1217 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لە راسپاردەیەکدا کە ئەمرۆ بۆ حکوومەتی عێراقی بەرزکردۆتەوە داوای کردووە بەشێک لە مووچەی پلە تایبەتەکان و ئەو فەرمانبەرانەی لە پلە چوار بەرەو خوارەوەن ببڕدرێت و بخرێتە سەر حسابی شانەی قەیرانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.


لە راسپاردەکەدا هاتووە لەسەدا ٢٥ ی مووچەی پلە تایبەتەکان و لەسەدا پێنجی مووچەی فەرمانبەرانی پلە چوار بەرەو خوارەوە ببڕدرێت بخرێتە سەر حسابی شانەی قەیرانەکانی تایبەت بە رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا .


هێنانەگۆڕی بابەتی بڕینی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران لەکاتێکدایە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی عێراق پەنابردن بۆ برینی مووچەی فەرمانبەرانیان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بەهەموو شێوەیەک رەتدەکردەوە  تەنانەت عەلی عەللاقی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی رایگەیاندبوو کە سەرەرای هەرەسهێنانی نرخەکانی نەوت بەڵام ئەوان توانای دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان هەیە .


هەرەسهێنانی نرخەکانی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیهان و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەیرانێکی گەورەی دارایی تووشی عێراق کردووە بەجۆرێک بەشێک لە چاودێران هۆشداریان دابوو لەوەی ئەگەر بێت و نرخەکانی نەوت هەر لەو ئاستەی ئێستادا بمینێتەوە ئەوە عێراق توانای دانی مووچەی فەرمانبەرانی نامێنێت .


حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی بودجەی وڵات بەڕێژەی ٩٠٪ پشت بە داهاتەکانی نەوت دەبەستێت .

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی