لێكۆڵینەوەیەك سوودێكی گەورەی كاكاو بۆ بەساڵاچووان ئاشكرادەكات

تەندروستی

26/03/2020‌ 426 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی ئاشكرایكردووە، خواردنەوەی كاكاوی دەوڵەمەند بە پێكهاتەی فلاڤۆنۆڵ، كە لە میوە و سەوزە و چایدا هەیە، توانای رۆیشتن لای ئەو بەساڵاچووانە باشتر دەكات، كە بەدەست ناتەواوی لە سووڕی خوێنیاندا دەناڵێنن .

بەپێی ئەو لیكۆڵینەوە سەرەتاییەی لەسەر ئاژەڵ و مرۆڤ كراوە دەركەوتووە، كە شۆكۆلاتەی قاوەیی دەوڵەمەند بە پێكهاتەی فالڤۆنۆڵ‌و كاكاوی خاوی شیرین نەكراو پەیوەندیان هەیە بە باشبوونی هاتوچۆكردنی خوێن و باشبوونی توانای رۆیشتن.

توێژەران لەو لێكۆڵینەوەیەدا ویستویانە بزانن ئایا كاكاو بۆ ئەو كەسانە بەسوودە، كە بەدەست نەخۆشی Peripheral artery  یەوە دەناڵین، كە لەئەنجامی رەقبوونی خوێنبەرەكانیانەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن بۆ قاچەكان، دواتریش رۆیشتن ئەگەر بۆ مەودایەكی كەمیش بێت بەئازا دەبێت.

توێژەرەكان لێكۆڵینەوەكایان لەسەر ٤٤ كەسی پیسەیشتووی تووشبوو بە نەخۆشی Peripheral artery  كردووە بەوەی داوایان لێكردوون، كە رۆژانە سێ جار و بۆماوەی ٦ مانگ ئەو خواردنەوانە بخۆنەوە، كە كاكاویان تێدایە.

لەئەنجامدا ئەو كەسانەی ئەو خواردنەوانەیان خواردووەتەوە، كە كاكاوی تێكراوە ئەوە لە رۆیشتنێكی ٦ خولەكیدا توانیویانە ١٨،٤ مەتر زیاتر برۆن بەراورد بەسەرەتای دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكە.

توێژەرەكان وتوویانە باشبوونی توانای رۆیشتن بەوەی لە ١٢ مەتر كەمتر نەبێت گۆرانكارییەكی گرنگە لە ژیانی رۆژانەی ئەو نەخۆشانەدا.

ئەو كەسانەی بەدەست نەخۆشی Peripheral artery یەو دەناڵێنن توانای رۆیشتنیان كەمدەبێتەوە، بۆیە دەركەوتووە ئەو كەسانەی بەشداریان لەلێكۆڵینەوەكەدا كردووە، بەڵام خواردنەوەی تێكەڵكراو بە كاكاویان نەخواردووەتەوە ئەوە لە تاقیكردنەوەی رۆیشتنی ٦ خولەكیدا توانای رۆیشتنیان بەمەودای ٢٤،٢ مەتر كەمبووەتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی