ئەگەر هەیە بەهۆی كۆرۆناوە ئەمریكا 81 هەزار كەسی لێبمرێت

لە میدیاکانەوە

28/03/2020‌ 744 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
بەپێی ئەو ئامارە شیكارییەی، كە كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی واشنگتۆن ئامادەی كردووە، دەشێت ئەمریكا تا 81 هەزار كەسی لێبمرێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا چوار مانگی ئایندە و تا مانگی جون (حوزەیران) یش بەردەوام دەبێت.

بەپێی شیكرنەوەكە، كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە پێشبینی دەكرێت ژمارەی تووشبوان بەكۆرۆنا ڤایرۆس لە هەفتەی دووەمی مانگی (نیسان- ئەپرل) بگاتە ئەوپەڕی، وێرای ئەوەی دەشێت لە هەندێك ویلایەت دوا بكەوێت بۆ دواتر.

هەر بەپێی شیكردنەوەكە، دەشێت تا كۆتایی مانگی جون (حوزەیران) هەندێك كەس بمرێت، كە ئەمە لەئاستی دەرد دەرەچێت و لەو مانگەدا تا ئەوپەڕی لەسەر تاسەری ئەمریكا رۆژی 10 كەس دەمرێت.

هەروەها بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی، كە لە ئەمریكا لەئەنجامی توێژینەوەكان چنگ دەكەون جیاوازن، كە لە 38 هەزارەوە دەست پێدەكات تا 162 هەزار كەس.

د. كریستۆڤەر مۆرای بەرێوەبەری پەیمانگای هەڵسەنگاندن و پێوانەی تەندروستی لە زانكۆی واشنتۆن، كە سەرپەرشتی ئەم توێژینەوەیە دەكات پێیوایە بەهۆی مانەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ماوەی زیاتر وادەكات ماوەی دووركەوتنەوەی خەڵك درێژبكرێتەوە زیاتر لەوەی لە سەرەتادا بینرا، سەرەڕای ئەوەی هەندێك دەوڵەت لە كۆتایدا ئەو بەربەستە تەندروستی و داخرانانە تەندروستییانەی دروستیان كردووە كەمیدەكەنەوە.

هەروەها كریستۆڤەر مۆرای لە میوانداری كەناڵی سی ئێن ئێن و لە پیامێكدا پێیوابوو، كە پابەندبوون بە رێنماییەكانی حكومەتی فیدرالی و حكومەتی ویلایەتەكان و شارەكانەوە پێویستە، وتیشی: ئاراستەی دەردەكە بەشێوەیەكی خراپ كاریگەری دەبێت ئەگەر خەڵك پایەندنەبێت و گوێ بە پێداویستییەكان نەدات.

مۆرای باسی لەوەش كرد، كە ڤایرۆسەكە لە ویلایەتی كالیفۆرنیا بەهۆی گەرمبوونی پلەی گەرمی زۆر بەهێواشی بڵاودەبێتەوە، كە ئەمەش وادەكات ماوەی دووركەوتنەوە و دابڕانی كۆمەڵایەتی لە مانگی ئەپرل و مەی بەردەوام بێت، بەپێچەوانەوە لە ویلایەتەكانی جۆرجیا و لویزیانا ئاستی تووشبوون زیاتر دەكات.

ئەو لەقسەكانیدا لە سی ئێن ئێن، گلەیی ئەوەی لێكرا ئەمە نابێتە هۆی تۆقاندنی خەڵك، لەوەڵامدا وتی: ئەمریكا ناتوانێت ژمارەی تووشبوون و مردن بشارێتەوە، وەك هیچ دەوڵەتێكی تر نییە، كە تا ئەم ساتە ژمارەی مردن و تووشبووی لێڵ و نادیارە، ئێمە لایەنی زانستین، ئێمە نەبووین بە بەشێك لە سیاسەتی نێودەوڵەتی خەریكی شاردنەوەی ئاماری مردن بین.

ئەو توێژینەوەیەی زانكۆی واشنتۆن لەكاتێكدایە، كە ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا ڤایرۆس (COVID-19) لە ئەمریكا تا رۆژی 27 ی مارچ گەیشتووەتە 104 هەزار و 180 كەس و مردنیش لە 1700 كەس تێپەڕی.