حكومەتی عێراق دڵنیایی دەداتە موچەخۆران‌و باس لە ئەگەری چاپكردنی پارەی نوێش دەكات

کوردستان

28/03/2020‌ 2147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیری عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی عێراق بەوەی دابینكردنی موچەكانیان كاری لەپێشینەی حكومەتە، هەروەك دەڵێت: بابەتی چاپكردنی دراوی نوێ تەنیا رایەكی كەسییە و پێشنیازەكە لەگەڵ یاساكانی بانكی ناوەندیدا نایەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق "واع" لەسەر زاری ساڵحەوە گواستوویەتییەوە، كە دەشڵێت: دەستبەركردنی موچەی فەرمانبەران كاری لەپێشینەی حكومەتە بۆ ئەوەش چەندین ڕێكاری دارایی لەبەردەستە، كە وادەكات نەگاتە ئەوەی لەدانی موچەدا دەستەوەستان بێت.

هەروەها روونیشیكردووەتەوە، كە بژاردەكانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە داراییە تازەیە ئەوەیە، كە خەرجییەكان كەمبەینەوە بۆ ئەوەش تیمێكی كار لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بۆ ئەوەی جارێكیتر خەرجییەكانی دەوڵەت دابرێژنەوە .

سەبارەت بە چاپكردنی پارەی نوێ ساڵح دەڵێت: ئەوە تەنیا رایەكی تاكەكەسییە و بەهیچ جۆرێك لەگەڵ یاساكانی بانكی ناوەندیدا نایەتەوە.

رۆژی هەینی مستەفا جەبار سەنەد سەرۆكی شانەی بەدواداچوون لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: ئەگەری هەیە لەمانگی نیسانەوە موچەی فەرانبەران گرفتی بۆ دروست ببێت بۆ ئەوەش ئەگەری هەیە حكومەت وەك دوا بژاردە پەنا بەرێتە بەر چاپكردنی پارەی نوێ بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ماگێك، یان دوو مانگ كاروبارەكانی پێ بەڕێوەبەرێت.

لای خۆیەوە سەلام سومەیسەم شارەزای ئابووری پێیوایە پەنابردن بۆ چاپكردنی دراوی نوێ كارەساتێكی دارایی گەورەی لەسەر دەوڵەت و لەسەر هاووڵاتیان لێدەكەوێتەوە و هەڵاوسانێكی گەورە لەبازاڕدا دروست دەكات .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی