گەڕێكی نوێی ململانێ‌.. ئەمریكاو ئێران سەرلەنوێ بە هەڵە لەیەكتر تێگەیشتن

مەلەفی تایبەت

29/03/2020‌ 1448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی گەڕێكی نوێی جەنگی زانیاری نێوان واشنتۆن و تاران و بەهێز بوونی پێگەی پارێزگارە توندڕەوەكان لە ئێران بە هۆی سیاسەتەكانی ترامپەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، پەتای كۆرۆنا زەیتی كرد بە ئاگری جەنگی هەواڵگری نێوان ئێران و واشنتۆندا، رێبەری باڵای ئێرانی عەلی خامنەیی وتی: ئەمریكییەكان ڤایرۆسەكەیان دروست كردووە. 

لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ وتی: لە ئەنجامی شاردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە هاووڵاتییەكانی خۆی و وڵاتانی تریشی خستە مەترسییەوە. 

ئەم مشتومڕەش بووە مایەی سەركەوتنێكی یەكلاكەرەوە بۆ پارێزگاران، كە رازی نەبوون لە سیاسەتەكانی حەسەن رۆحانی بەوەی دەیویست لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا پەیوەندییەكانی لە گەڵ رۆژئاوا ئاسایی بكاتەوە.

لەو بارەیەوە، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێكۆلینەوەی رۆژهەڵاتی سەر بە ئەكادیمیای زانستە روسییەكان (نینا مامیدۆفا) دەڵێت: ئەو رێگا دژەی ترامپ بە ئاراستەی ئێران گرتویەتیە بەر، بەتایبەتی كشانەوەی ئەمریكا لەپلانی كاری هاوبەشی گشتی لە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران، لە بەرژەوەندی هێزە توندڕەو و راستڕەوەكاندا شكایەوە. 

وتیشی: ئەمەش لە ئەنجامی هەڵژاردنەكانی ئەنجوومەنەوە دەركەوت و پارێزگارە عینادەكان توانییان زۆربەی كورسییەكان بەرنەوە، كاریگەریشی لەسەر پاشەكشەی سەرۆكی میانڕەكە حەسەن روحانی كرد. دوای ئەوەش، بڕیارەكەی ترامپ بوە مایەی وەستاندنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیموكراتی؛ كە لە وڵاتەكە دەستی پێكردبوو.

پشتیوانانی رۆحانی لە سەركردە باڵاكان هیوای ئەوەیان هەبوو، كە سزاكانی ئەمریكا بەهۆی پەتای كۆرۆناوە كەم بكرێتەوە، بەڵام ئەمە رووینەدا، بەوەش ئایەتۆڵڵا لە قسەكانیدا بە روونی ئەوەی گەیاند ویستی ئاشتی لەگەڵ ئەمریكادا ویستێكی نەزۆكە، لە هەمان كاتدا بووە مایەی بەهێز كردنی هەڵوێستی عەلی خامنەیی و سوپای پاسداران، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە سوپای پاسداران بڕیارەكانی بەسەر دەسەڵاتدارە باڵاكان و ئیدارەی سەرۆكایەتیدا بسەپێنێت. 

رەنگە خامنەیی دیدگاكانی بگۆڕدرێن و پێش ئەوەش ئەمە روویداوە، بۆیە لەو كاتەدا مامەڵەی گرێبەستێكی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و شتی تریش لەگەڵ ئەمریكادا واژۆ دەكرێت. 

لەم دۆخەشدا، ئێرانییەكان وای دەبینن، كە علی خامنەیی توانیویەتی ئەو دەستكەوتانە بەدەست بهێنێت، كە حەسەن روحانی و پشتیوانەكانی بیكەن. 

بە گوێرەی قسەی نوسەری راپۆرتی گۆڤاری ناوبراو؛ ئەمەش دەبێتە مایەی بەهێز كردنی پیاوانی ئاینی لە كۆماری ئیسلامیدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا