مەسرور بارزانی داوای بەدواداچوون‌و بۆ دۆسییەی 250 ملیۆن‌و ملیارە دۆلارەكەی هەرێم دەكات

کوردستان

29/03/2020‌ 1627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای بەدواداچوون بۆ دەنگۆی وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وەك شیرینی نەوت لە كۆمپانیای رۆسنەفت و دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ملیارێك دۆلاری هەرێم لە وڵاتی لوینان دەكات.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت، ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی روونكردنەوەیەك رایگەیاندووە، كە سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وەك شیرینی نەوت لەكۆمپانیای رۆسنەفت، هەروەها دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ملیارێك دۆلاری هەرێم لە وڵاتی لوینان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی دووپاتیدەكاتەوە، كە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بكات.

جوتیار عادل راشیگەیاند، كە سەرۆكی حكومەت داواش لە هەموو لایەنەكان دەكات لەو بارەیەوە هاوكاری داواكاری گشتی بكەن بۆ ئەوەی راستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەش كردووە، كە هەر لە سەرەتای دەستبەركاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیھێنانی شەفافییەت لەدامودەزگاكانی حكومەتدا، بەتایبەتی لە كەرتی دارایی و داھاتەكانی ھەرێمدا ئەركێكی لە پێشینەی كابینەی نۆیەم بووە و لە سەریشی بەردەوام دەبین.

چەند رۆژێكە دەنگۆ هەیە، كە كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی بڕی 250 ملیۆن دۆلاری وەك شیرینی گرێبەست داوە بەیەكێك لەئەندامانی بنەماڵەی بارزانی، هەروەها دەست بەسەر ملیارێك لەداهاتی نەوتی هەرێمیش لەلوبنان گیراوە.

هـ ـ ح