زانیاری لەسەر شوێنگرەوەكەی كیم جۆن ئۆن

لە میدیاکانەوە

23/04/2020‌ 3489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
دەزگای ھەواڵگری ئەمریكی و حكومەتی كۆریای باشوور و تەنانەت چین چاوەڕوانی ژیانی كیم جۆن ئۆن دەكەن، ئەویش دوای ئەوەی ڕۆژی ١٢ی نیسان نەشتەرگەری دڵی بۆ كراوەو لە دوای نەشتەرگەرییەكەوە دیار نییە تەندروستی چۆنە.

رۆژی ٢١ی نیسان كەناڵی سی ئێن ئێن ھەواڵەكەی بڵاوكردەوە، ھەواڵە بووە سەردێڕی تێكڕای میدیاكانی جیھان، بەڵام میدیای وڵاتەكەی ھیچ باس ناكات و بێدەنگە.

رۆژی ٢٢ ی نیسان میدیای وڵاتەكە (ئاژانسی ھەواڵی مەركەزی كۆریای باكوور- كەی سی ئێن ئەی) بە ژمارەیەك ناونیشانی سەرسوڕھێنەرەوە دەركەوت: (دابەشكردنی كەلوپەلی وەرزشی- ھەڵبژاردنی توو باشە بۆ ھەرس- كۆبوونەوەیەك لە بەنگلادیش سەبارەت بە توێژینەوەیەك لەسەر كۆریای باكوور- ئایدۆلۆژیای پشتبەستن بە خوود) لەھەمانكاتدا مانشێتی سەرەكی ڕۆژنامەی ڕۆدنگ سینمۆن بریتیبوو لە (ڕێوشوێنەكانی بنبڕكردنی كۆرۆنا ڤایرۆس)، بەڵام نەخۆشی سەرۆكەكەیان لە ھیچ شوێنێكی میدیا جێگەی نەكرابووەوە.

ھەروەھا ڕۆژنامەی نیو یۆرك تایمز لەزاری سەرچاوەیەك لەكۆشكی سپی-یەوە ئاشكرای كردووە، كە كۆشكی سپی بە وردی چاودێری مەسەلەكە دەكات.

بۆیە ڕۆژی ٢١ی نیسان لەكۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە ئاساییەكانی ڕۆژانەیدا دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، لەبەرانبەر پرسیارێكی ڕۆژنامەی پۆلیتكل، وتی: "ئەڵێن كیم نەخۆشە، ھیوادارم باش بێت، من پەیوەندیم باشە لەگەڵ كیم جۆن، حەز دەكەم بیبینمەوە جارێكی تر".

ھەروەھا وتیشی: "لە دوو كۆبوونەوە لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ھەوڵمدا لەگەڵ كیم، كە دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی ببێت".

ئەو پێشبینیانەی سەبارەت بە تەندروستی كیم جۆن ئۆن دەكرێت، كە تەندروستی خراپە، دوای ئەوە ھات بۆ یەكەمینجار بوو ئامادەبوونی نەبێت لەجەژنی لەدایكبوونی باپیری كیم ئێل سۆنگ، لە ١٥ی ئەپرل، كە بە دامەزرێنەری كۆریای باكوور دادەنرێت. 

لەبەرانبەردا نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆریای باشوور ڕایگەیاند، كیم وای نیشاندەدەن، كە سەرقاڵە بە كاروباری دەوڵەتەوە و ھیچ شتێكیش دەرنەكەوتووە لەو بارەیەوە لەژیاندا ماوە یان نا.

ڕۆژنامەی دەیلی ئێن كەی، كە بارەگاكەی لە سیئۆل-ی پایتەختی كۆریای باشوورە نوسیویەتی: "كیم جۆن ئۆن لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا، ڕۆژی ١٢ی ئەپرل گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری دڵ و خۆێنبەرەكانی بۆ بكەن".

ھەروەھا نووسیویشیەتی نەندروستی لە مانگی ئۆگەست -ی پارەوە تێكچووە بەھۆی كێشانی جگەرەی لە ڕادەبەدەر و قەڵەو بوونێكی بێ ئەندازە.

ھەروەھا ڕۆژنامەی ھێڵ لە ڕاپۆرتێكدا لە ژمارەی رۆژی ٢٢ ی نیسان باسی لەوەكردووە، كە كیم ئێستا لە ڤێلایەك لەژێر چاودێری ورد و چارەسەردایە لە شاخی میوھیانگ لە باكووری پیونگ یانگ-ی پایتەخت. دەشڵێت: "بە پێی سەرچاوەیەكی ھەواڵگری ئەمریكی كیم دۆخی تەندروستی زۆر زۆر خراپە".

ڕۆژنامەكە لەزاری ھەواڵگری ئەمریكییەوە وەریگرتووە، كە كیم، ڕۆژی ١١ ی ئەپرل واتە ڕۆژێك بەر لە نەشتەرگەری لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی حیزب و حكومەت بڕیاریداوە، كە كیم یۆ جۆنگ -ی خوشكی وەك ئەلتەرناتیڤ كارەكانی حكومەت و حیزبی كرێكارانی دەسەڵاتدار بەڕێوەبەرێت.

ڕۆژنامەی زە دیترۆیت نیوز لە ژمارەی رۆژی ٢٢ ی نیسان دوو لاپەڕەی بۆ بنەچەی خێزانی كیم تەرخانكردووە لەگەڵ كۆمەڵێك نھێنی ژیانی كیم جۆن ئۆن، ڕۆژنامەكە نوسیویەتی: "ساڵی ٢٠١٤، بۆ ماوەی شەش ھەفتە لەچاو ونبوو، بەڵام دواتر ئاژانسەكانی كۆریای باكوور ڕایانگەیاند بە نەشتەرگەریی كیسی ئاو لە سەر ئەژنوی لابراوە.

ڕۆژنامەكە باس لەوەشدەكات لەبەرئەوەی نوخبەی دەسەڵاتداری كۆریای باكوور لەژێر ترس و دڵەڕاوكێدان، ھەرگیز شتێك بڵاوناكەنەوە، كە جێگەی بڕوا بێت، نموونەی ساڵی ٢٠١٦ دەھێنێتەوە كاتێك میدیای وڵاتەكە بڵاویكردووەتەوە، كە كیم بەھۆی گەندەڵییەوە سەركردەیەكی سەربازی پێشووی وڵاتەكەی بە تۆمەتی گەندەلی لە سێدارە داوە، كەچی ھەفتەیەك دواتر میدیاكانی كۆریای باشووری دراوسێی كۆریای باكوور بڵاویكردەوە، كە (ری یۆنگ جیل) لە ژیاندایە و پۆستێكی نوێی دراوەتێ.

كەواتە ئێستا ئاشكرا نییە چی ڕوویداوە، كە ئایا ونبوونی كیم جۆن یۆن بەھۆی گرفتی تەندروستییەوەیە، یان مردووە، بەڵام شیكەرەوانی بواری سیاسی دەڵێن لەبەرئەوەی كیم تەنیا سێ منداڵی ھەیە كەتەمەنیان (ھەشت ساڵ، حەوت ساڵ، سێ ساڵ)ە و كیم جۆن چۆل-ی براشی دووركەوتۆتەوە لە سیاسەت و سەرقاڵی میوزیكە. 

تاكە كەس، كە ڕۆڵی كاریگەری ھەیە لە خێزانەكە، خوشكەكەیەتی، كە ئەویش كیم یۆ جۆنگ-ەو لەھەموو كاتێكدا بە دوای براكەیەوە بووە وەك نێردەرێكی دیپلۆماسیش ناسراوە.

ڕۆبەرت ئۆبراین راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز، وتی: ئەم سیستمانە، سیستمی بنەماڵەین لەكەمترین حاڵەتدا كەسێك لە خێزانەكە وڵات و حیزبەكە بەڕێوە دەبات، بەڵام دوبارەی ئەكەمەوە جارێ دیار نییە ئایا سەرۆكی وڵاتەكە تەندروستی چۆنە.

ھەروەھا تشیونگ سیونگ تشانگ شیكەرەوە لە پەیمانگای سیجۆنگ -ی تایبەت بە سیاسەتی كوریای باشور، وتی: بەركەوتنی سیاسی ئەستەمە، لەبەرئەوەی خوشكەكەی كیم (كیم یو جۆنگ) بە كردەیی دەسەڵات دەگرێتە دەست لەبەرئەوەی پێگەی لە حكومەت و حیزبی كرێكاران یش بەھێزە.

بەڵام كۆھ یۆ ھوان پسپۆری بواری كۆریای باكوور لە زانكۆی دۆنگۆك لە سیئۆلی كۆریای باشوور و ڕاوێژكاری سیاسی مۆن جای ئان سەرۆكی كۆریای باشوور بە پێچەوانەوە پێیوایە ململانێیەكی توندوتیژ لەسەر دەسەڵات لە كۆریای باكور دروست دەبێت.

دوا پرسیار ئەوەیە ئایا خاتوو كیم یۆ جۆنگ ئەتوانێت ببێت بە چوارەم دیكتاتۆری كۆریای باكوور؟