سوید پەیمانگا چینییەكەی داخست

لە میدیاکانەوە

25/04/2020‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
ڕۆژ لەدوای دڵە زیندووەكەی لیبرالییەت و دیموكراتییەتی جیھان توندتر دەبێت بەرانبەر چین، ھەمووشی وەك پەرچەكردارێك بەرانبەر بەو ناڕاستگۆییەی چین دەرھەق بە مرۆڤایەتی كردوویەتی لە ڕاگەیاندنی كۆرۆنا ڤایرۆس-دا.

ڕۆژنامەی تایمز لە لەندەن، ڕۆژی ٢٤-ی ئەپرل بڵاویكردەوە كە سوید، دواھەمین پەیمانگای كۆنفۆشیوس -ی داخست ئەویش دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ڤایرۆس، كە تا ئێستا ٥٥٠ كەس لە سوید بە ھۆیەوە مردوون و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەم ژمارەیە ھەڵەكشێت.

حكومەتی چین ساڵی ٢٠٠٤ ژمایەك پەیمانگای كۆنفۆشیۆس-ی لەزانكۆكانی دنیادا كردەوە، بە مەبەستی گەشەپێدانی زمان و كەلچەری چین، بەڵام وەك بەرپرسانی ئەمریكا و ئەوروپا دەڵێن: ئەم پەیمانگایانە بوون بە ئامرازێك بۆ گەشەپێدانی پرۆپاگەندە بۆ چین لەو وڵاتانە.

ھەروەھا پێگەی ناشناڵ ریڤیو لە ھەواڵێكدا ڕۆژی ٢٣ ئەپرل نووسیویەتی، سوید لە ئەوروپا بە لوتكەی دیموكراتییەت ناسراوە، بۆیە ھەمیشە پەیوەندی خۆشی ھەبووە لەگەڵ چین، لەگەڵ كردنەوەی یەكەم پەیمانگای كۆنفۆشیۆس لە ئەوروپا لە زانكۆی ستۆكھۆڵم، سوید ساڵی ٢٠١٠ ئەوەشی پەسەندكرد چین ببێت بەخاوەنداری كارگەی ڤۆڵڤۆ.

پێگەكە بڵاویشیكردەوە، كە دوابەدوای كردنەوەی ئەم پەیمانگایە لەستۆكھۆڵم، چەندین پەیمانگای تر لەزانكۆكانی سوید كرایەوە، ئەم ھەنگاوانەی سوید وەك دەوڵەتێكی لیبرال و دیموكرات بووە خۆشحاڵی خەڵكی سوید، بەڵام ناپاكی چین لەسەردەمی كۆرۆنا ڤایرۆس ھەموو ھەوڵە دیموكراتییەتەكانی شێواند.

خاتوو ئەسترید نایمی ویدێنگ جێگری راوێژكاری زانكۆی ستۆكھۆڵم و ستووننوس لە ڕۆژنامەی سڤێنسكا داگبلادێت-ی سویدی بەشێوەیەكی گشتی ئەم پەیمانگایە ھەرچەندە داراییەكەی لەلایەن وڵاتێكی ترەوە دابیندەكرێت، بەڵام گومان لەكار و ھەڵسوكەتیان ھەیە، وتیشی: سوید یەكەمین دەوڵەتە كە تەواوی پەیمانگای كۆنفۆشیۆس-ی داخست.

بەپێی سەرچاوەیەكیش، كە پێگەی ناشناڵ ڕیڤیو ئاشكرایكردووە، لە نۆڤێمبەری ٢٠١٩، دەسەڵاتدارانی چین، نووسەری سویدی (گۆی مەنھای) كە بە مایكل گۆی ناسراوە دەستگركردووە بەھۆی نووسینی وتارێكەوە كە ڕەخنەی لە شین جین پین سەرۆكی چین گرتووە. مایكل گۆی لە فیبریوەری ٢٠٢٠، لەلایەن حكومەتی چینەوە لەسەر ئەو وتارە (١٠) زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

پێگەكە نوسیویەتی: مایكل ئەمە یەكەمین جار نییە دەستگیردەكرێت تا ئێستا چەندین جار دەستگیركراوە بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەڵگری ڕەگەزنامەی سویدی بووە، بە ھەوڵی ھیومان ڕایتس وۆچ ئازادكراوە. توانای مایكل لە بواری نووسینی سیاسی بە زمانی چینی و سویدی لە ڕادە بەدەرە و لەماوەی ١٠ ساڵدا ٢٠٠ كتێبی دەركردووە.

تا ئێستا ٨٦ پەیمانگای كۆنفۆشیۆس لە ئەمریكا ھەیە لەنێویاندا لە نێو زانكۆ بەناوبانگەكانی وەك ستانفۆرد و تافتس. كریستۆڤەر ڕای بەڕێوەبەری پێشووی ئێف بی ئای لە سەرەتای ٢٠١٩ لەبەردەم كۆنگرێس-دا ئاماژەی بەوەدا ئەم پەیمانگایانە بونەتە بڵندگۆی پرۆپاگەندە بۆ حكومەتی چین و حزبی شیوعی چین بێئەوەی ھیچ چاودێرییەكیان لەسەر بێت، بەناوی ئازادی ئەكادیمییەوە.

وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی نیگەرانن لەو ھەڵسوكەوتەی چین دەیكات بەرامبەر جیھان، وێرای ئەوەی بەھۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە جیھانی تووشی قەیرانێكی سەختی بێكاری كردۆتەوە، بۆتە سەرچاوەی پرۆپاگەندە بۆ لاوازی ئەوروپا.