چارەسەرە پێشنیاركراوەكان بۆ دەربازبوون لەتەنگژەی ئابووری عێراق

ڕاپۆرت

12/05/2020‌ 1433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەراپۆرتێكی (ئاژانسی هەواڵی عەشتار) باس لە گفتوگۆی چەند ڕاوێژكار و شارەزا و پەرلەمانتارێك كراوە، كە كۆمەڵێك ڕێوشوێنیان پێشنیاز كردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەربازبوون لەتەنگژەی ئابووری عێراق بە كەمترین زەرەر و زیان.

لە دیدگای ئەو راوێژكارانەوە ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگ و پێویستن:
هەڵوەشاندنەوەی زێدەماف و دەرماڵە و سود و كەڵكە كۆمەڵایەتییەكانی هەرسێك سەرۆكایەتییەكەی عێراق.

هەڵوەشاندنەوەی زێدەمافی وەزیر و سەرۆكی فراكسیۆنه ‌سیاسییەكان و دیاریكردنی (سنورداركردنی)   ژمارەی پاسەوانان كە لە 14 كەس زیاتر نەبن؟

هەڵوەشاندنەوەی زێدەماف و پاسەوانانی پلە تایبەتەكانی سەرۆكی دەستە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان.

سڕكردنی موچەی خانەنشینی (موجاهیدانی ڕەفحا) تا ساتەوەختی دەرچوونی یاسایەك دەربارەیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.

سڕكردنی موچەی خانەنشینی سودمەندانی كۆمەڵەی نیشتمانی و ئەنجوومەنی حوكم تا ساتەوەختی دەرچوونی یاسایەك دەربارەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.

هەڵوەشاندنەوەی فرەموچەیی و ڕێگریكردن لە دووموچەیی و دەبێت تەنیا یەك موچە وەربگرن كە لە 750 هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 3 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.

دیاریكردنی موچەی پلە باڵا تایبەتەكان بەوەی لە 4 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت بۆ پۆلێین  A، لە 3 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت بۆ پۆلێنی  .B

سەپاندنی پاشەكەوتی موچەی زۆرەملێ بە بڕی 10% بۆ ئەوانەی موچەیان لە یەك ملیۆن دینار زیاترە، 15% بۆ ئەوانەی موچەیان لە 2 ملیۆن دینار زیاترە، 20% بۆ ئەوانەی موچەیان لە 3 ملیۆن دینار زیاترە.

سڕكردنی موچەی خانەنشینانی دەزگا ئەمنییەكان، كە لە دەرەوەی وڵاتن و بەهرەمەندیشن لە سیستەمی چاودێری كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانەی لێی دەژین.

كردنەوەی دۆسییەی ماڵ و موڵكی دەوڵەت و بەخشینی پاداشتێك، كە كەمتر نەبێت لە 5% ی نرخی موڵكەكە بۆ هەر كەسێك زانیاری لە بارەی شێوە‌ موڵكێكی لەو جۆرە‌ بدات، كە بە ساختەیی موڵكدارییان  گۆڕاوە، ئەمەش بە مەبەستی گێرانەوەی بۆ دەوڵەت و بەكرێدانی بە شێوەیەكی یاسایی.

پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای چاودێری و وربینی لە نوێنەرانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و نوێنەرانی فە‌رمانگەی ئەمنی و ئەندامێكی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وردبینیكردنی دەروازە سنورییەكان و باج و گومرگەكان.

پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای وردبینی سەبارەت بە مەزادی فرۆشتنی دراو  و كومپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانقە ئەهلییەكان و سەندندنەوەی ئەو پارەی لەسەریانە، هەروەها سەپاندنی سزای سەر‌پێچییەكان بۆ ئەوانەی یارییان بەو پرسەوە كردووە.

وەرگرتنەوەی قەرزەكانی ‌سەر كۆمپانیاكانی موبایل.

وەستاندنی دەرماڵەی دارایی سەر موچە‌ و پلە بەرزكردنەوە و ئیفادكردن.

ئاسانكاری وەرگرتنی مۆڵەتە بێ موچە ئاساییەكان بۆ ماوەی  5 ساڵ.

كردنەوەی دەرگای دەرخستەی گشتی سەرەتایی (الاكتتاب) بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراقی بە هاوڵاتییان لە بەشی تەرخانكراوی عێراق لە ئۆپیك لە ڕێگەی چەند نووسینگەیەكی فرۆشتنی نەوتەوە بە هۆی كۆمپانیایی سۆمۆوە بە نرخی باوی ئاڵوگۆڕكراوی دواخراو و پشكەكان( باڵاجل وبرسوم) كە كەمتر نەبیت لە 5% ی نرخی بەرمیلێك نەوت.

پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ وردبینیكردنی ڕووبەری زەوییە كشتوكاڵییەكان و ڕادەی شیاوییان بۆ بەكارهێنانی كشتوكاڵی، هەروەها بەكرێدانی ئەو زەییانەی وەبەرهێنانیان تێدا نەكراوە، ئەمەش بە گوێرەی یاسا.

وەستاندنی هاوردەی بەرهەمە نەوتییەكان.

وەستاندنی هاوردەی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەی 2 ساڵ جگە لە ئۆتۆمبیلی بەرهەمهێنان (ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و هاوشێوەكانیان).

وەستاندن هاوردەی كاڵای ناپێویست و لاوەكی و جوانكاری و خشەڵەكان (اكسسوار) بە هەموو جۆرەكانییەوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بە مەبەستی برەودان بە‌و بەرهەمانەی دەكرێت لە ناوخۆی عێراق دروست بكرێن.

 وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی كرێی ئاو كارەبا و دیاریكردنی بەرزترین ئاستی نرخی یەك ئەمپێری مولیدە ئەهلییەكان و سەپاندنی سزای سەرپێچی بەسەر سەرپێچیكاراندا.

 كردنەوەی دەرگای پاكتاوكردن (تسویە) لەگەڵ  تۆمەتباران لە  موچەخۆرانی دەوڵەت كە تۆمەتبارن بە پرسەكانی بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵی ، بەو مەرجەی پارە دزراوەكان بگەڕێنەوە گەنجینەی حكومەت.

پێكهینانی لیژنەیەكی باڵا لە دادوەر و پارێزەر و وردبینەكان و فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی  و بانقە حكومییەكان بۆ سۆراغكردنی ‌ پارە بلۆككراوەكانی عێراق ‌لە دەرەوە بە یارمەتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا.

سەرچاوە: ئاژانس  هەواڵی عەشتار
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر