پلانێكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوچەكێشەلەسەرەكان

کوردستان

21/05/2020‌ 1876 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێكردن بە پلانێكی ئەمنی هەماهەنگیكاری لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە فیدراڵییەكان ئاشكراكرد، ئەوەش بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەناوچە كێشەلەسەرەكان و بەتایبەتی لە قەزای خانەقین هەیەو هەروەك دڵنیاییش دەدەن بە خەڵكی ناوچەكە بەم نزیكانە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە .

لەماوەی رابردووشدا خەڵك و بەرپرسانی خانەقین داوایان لە دەزگا ئەمنییەكان كردبوو بەهانای گوند و ئاواییەكانی قەزای خانەقین بكەون، كە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئێستا توندترین هێرشی تیرۆریستی بەخۆوە دەبینێت.

بەو هۆیەشەوە رۆژی ١٧ی ئایار كۆبوونەوەیەكی ئەمنی فراوان بۆ فەرماندە ئەمنی و بەرپرسە حكومییەكان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكە ڕێكخرا، كە تێیدا باس لەلێكەوتەكانی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و هەڵشانی هەڕەشە تیریریستییەكان لە ناوچەكانی دەوروبەری خانەقین كرا.

لەو بارەیەوە شێركۆ محەمەد پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەلێدوانێكدا وتی: كۆبوونەوە و دانوستانەكانی نێوان شاندی كوردی لەگەڵ ئیدارەی دیالە و وەزارەتە ئەمنییەكان ڕێكەوتنێكی كرداری لێبەرهەم هات بەجۆرێك پلانێكی ئەمنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە فیدڕاڵییەكان لەناوچە كێشەلەسەرەكانی سنووری پاریزگای دیالە بەتایبەت لە قەزای خانەقین دەستپێبكرێت، كە لەماوەی رابردوودا دۆخی ئەمنییەكەی بەتەواوەتی بەرەو تێكچوون رۆیشتووە.

ئەو وتیشی: بڕوامان بە دەسەڵاتە ئیداری و وەزارەتە ئەمنییەكان كردووە پێشمەرگە و ئاسایش لە پارێزگاریكردن لە ئاسایشی خانەقین بەشدار بن و رۆڵیان هەبێت لە كۆتاییهێنان بە هەڕەشە تیرۆریستییەكانی سەر خەڵكی ناوچەكە.

بەقسەی محەمەد بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەیەكتێگەیشتنی باش لەنێوان پارێزگای دیالە و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی قەزای خانەقیندا هەبووە، هەروەك دڵنیاییشی داوەتە خەڵكی خانەقین بەوەی لەماوەی داهاتوودا ناوچەكەیان دۆخێكی ئەمنیی سەقامگیر بەخۆوە دەبینێت .

لەدوای ساڵی ٢٠١٧ و بەهۆی پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەكە و هاتنی هێزە فیداڕاڵییەكان دۆخی ئەمنی ناوچەی خانەقین پاشەكشەی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ناوچەكانی دەوروبەری قەزای خانەقین لەئەنجامی دزەكردنی تیرۆریستان لەناوچەكانی تری عێراقەوە چەندین كردەوەی تیرۆریستیان تێدا ڕوودا كە بەهۆیەوە ژمارەیەك خەڵكی مەدەنی و ئەندامانی هیزە ئەمنییەكان بوونەتە قوربانی .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی