‎ كۆسرەت رەسوڵ داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات لەكاتی خۆی موچە دابەش بكات

کوردستان

23/05/2020‌ 1607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت ڕەسول عەلی ‎سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەكاتی خۆی موچە دابەش بكات.


داواكارییەكەی كۆسرەرت رەسوڵ لەمیانی پەیامێك بووە، كە بەبۆنەی جەژی رەمەزان بڵاویكردووەتەوەو تێدا دەڵێت: ئەمساڵ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز هاوكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناو قەیرانی دارایی و وەستانی جموجۆڵی بازرگانی و داراییە لە جیهان و ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی، كە بێگومان ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووەو هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی ژیانێكی قوڕس كردۆتەوە و كارو كاسبی وەستاوەو ژیان شێوازێكی جیاوازتر لەجارانی وەرگرتووە، ئەركە لەسەر هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان هاوكارو پشتیوان بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەو پێویستیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكاو لەسەرووی هەموویانەوە بەدەم داواكاری هاووڵاتیانەوە بێ و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكاو مووچە لەكاتی خۆی دابەش بكات.

‎كۆسرەت رەسوڵ دەشڵێت: ئەم دۆخەی ئەمڕۆ لەكوردستان هەیەو كوردستانیانی گیرۆدە كردووە پێویستی بە بڕیاری بوێرانەو حەكیمانە هەیە بۆ بنبڕكردنی، لە سەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی شەفافیەت و چاكسازی لە سێكتەرە جیاوازەكانی حوكمڕانی، بە جۆرێك سەرجەم داهات و سامانەكانی هەرێمەكەمان لە خزمەتی گەلەكەمان و بۆ خۆشگوزەرانی هەرێمەكەمان بەكاربێت، ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانیشە كە لایەنە سیاسییەكان لەبری ململانێ و شەڕكردن لەسەر دەستكەوتە حزبییەكان، دانیشن و بەیەكەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و ئەم دۆخە تێپەڕێنین و چیتر لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە هێرش نەكەنە سەر یەكترو دەروونی هاووڵاتیان لەوە زیاتر ماندوو نەكەن و لەبری چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان خەڵك بە پرس و كێشەی لابەلا سەرقاڵ نەكەن و قەیرانی دەستكرد دروست نەكەن.

هەروەها دەڵێت: ‎دووبارە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دەكەم و ئەم جەژنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم سوپاسی تایبەتی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆو پێشمەرگە بكەم، كە لەكاتی قەیرانی كۆڕۆنادا ماندوونەناسانە كاریان كرد بۆ ڕێگرتن لەزیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، هەروەها سوپاس بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان كە خۆڕاگرانە لەماڵ مانەوەو پابەندی ڕێنماییەكان بوون.

هـ ـ ح