ئەمریكا بۆ ترساندنی چین و روسیا دوای 28 ساڵ تاقیكردنەوەی ناوەكی دەكات

لە میدیاکانەوە

26/05/2020‌ 1363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریكی، بەپشتبەستن بە قسەی بەرپرسێكی باڵا و دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریكا بڵاویكردەوە، هەفتەی رابردوو ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا گفتوگۆی لەبارەی ئەنجامدانی یەكەمین تاقیكردنەوەی ناوەكی ئەو وڵاتە لەدوای ٢٨ ساڵ كردووە، كە ئەوەش وەك ڕێگایەك بۆ گوشارخستنە سەر هەریەك لە چین و روسیا.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەو بابەتە لەكاتی كۆبوونەوەی گەورە بەرپرسانی گەورەترین دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا وروژێنراوە، ئەویش دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمەریكا هەریەك لە چین و روسیای تۆمەتبار كردووە بەوەی تاقیكردنەوەی ناوەكی خاوەنی هێزی تەقینەوەی كەمیان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە لەكۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی ئەمەریكی نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی تاقیكردنەوەی ناوەكی ئەنجام بدەن، بەڵكو لە كۆتاییدا بەو ئەنجامە گەیشتوون بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەڕەشانەی چین و روسیا دروستی دەكەن ڕێكاری تر بگیرێتەبەر و خۆ لەئەنجامدانی تاقیكردنەوەی ناوەكیی بگرن.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە كۆبوونەوەوەكە رۆژی ١٥ی ئایار لە كۆشكی سپیی كراوە و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە لەئێستادا جێبەجێكردنی پێشنیازەكە دوابخرێت.

رۆژانەمەكە لەسەر زاری یەكێك لە یاریدەدەرەكانی كۆنگرێسەوە گواستوویەتییەوە، كە رایگەیاندووە، سوپاس بۆ خوا هێشتا بەشێك لە بەرپرسە پیشەییەكان ماون .. ئەوان وتیان ئەوە بیرۆكەیەكی ترسناكە.

باس لەوەش كراوە، كە پێشنیازەكە بریتی بووە لە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیەكی ناوەكی خێرا، كە ببێتە گوشارێكی راستەقینە لەسەر چین و روسیا بۆ ئەوەی بێنە ناو ڕێكەوتننامەی سێلایەنەی كۆنترۆڵكردنی چەك.

دواین رێكەوتننامە بۆ دیاریكردن و كۆنترۆڵكردنی چەك، كە هێشتا بەركار بێت ڕێكەوتننامەیەكە بۆ ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە، كە سنوورێك بۆ كڵاوە ناوەكییە ستراتیكییەكان دادەنێت، كە لەنێوان ئەمەریكا و روسیا بڵاوەیان پێكراوەو وابڕیارە ڕێكەوتنەكە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو كۆتایی پێبێت.

هاوكات ئیدارەی ترامپ رایگەیاندووە، نایەوێت ئەو رێكەوتنە نوێ بكاتەوە تەنیا مەگەر چینیش بێتە ناو دانوستانەكانی سنووردانان بۆ خۆپڕچەككردن، بەڵام پەككین بابەتەكە رەتدەكاتەوە بەوپێیەی جبەخانەكەی بەراورد بە روسیا و ئەمەریكا زۆر كەمە.

تا ئێستا ژمارەیەكی كەم لە وڵاتان خاوەن جەكی ناوەكین، كە ئەوانیش ئەمەریكا ، رووسیا ، چین ، فەرەنسا، كۆریای باكوور ، هیندستان ، پاكستان ، بەریتانیا ، ئیسرائیل  .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی