شارپرێس هەوڵێكی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا ئاشكرادەكات

کوردستان

28/05/2020‌ 2583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەهەوڵدایە، بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بدۆزرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبوونەوەیەكی كردووە.

بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئەنجامدا، هاوكات رۆژی چوار شەممە لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان‌و هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كۆبووەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، كۆبوونەوەكان لەچوارچێوەی هەوڵی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، لەگەڵ چارەسەری كێشەكانی عێراقیش بەگشتی.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم‌و عێراق، بەرهەم ساڵح جەختی كردووەتەوە، كە دەبێت چارەسەری كێشەكان بنەڕەتی بن، نەك وەك پێشوو نەتیا پینەو پەڕۆی كێشەكان بكرێت‌و دوای ماوەیەك سەرهەڵبداتەوە.

ماوەیەكی زۆرە كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق هەیە، كێشەكانیش پەیوەندی بە پرسی نەوت‌و بودجەوە هەیە، كە تائێستا چەندین كۆبوونەوە كراوەو هەوڵدراوە كێشەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام هیچكام لەهەوڵەكان نەگەیشتوون بەئەنجامی كۆتایی.

شارپرێس لەزاری سەرچاوەكە ئەوەی زانیوە، هەوڵی بەرهەم ساڵح لەئێستادا بۆ ئەوەیە، كەشێكی لەبار لەنێوان هەولێرو بەغدا بهێنێتە ئاراوە، ئەوەش پێش دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی شاندی هەردوولا، كە بڕیارە بەم نزیكانە دەست پێبكاتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بەرهەم ساڵح بەڵێنی بە بەرپرسانی هەردوولا داوە، كە هاوكارێكی باش دەبێت، بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوەو تەواوی كێشەكانیش بەیەكلاكردنەوەو رێككەوتن چارەسەر بكرێن.

هاوكات سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە بەرهەم ساڵح لەهەوڵی ئەوەدایە كێشە ناوخۆییەكانی عێراقیش بەتایبەتی لەڕووی داراییەوە چارسەر بكرێن، چونكە پێیوایە، ئەگەر بەغدا كێشەكانی خۆی یەكلانەكاتەوە، ئەوە ناتوانێت لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بگاتە رێككەوتن.

هەروەها بەرهەم ساڵح لەكۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمیش باسی لەوە كردووە، كە پێویستە لایەنەكانی بەشدار لەحكومەت هەوڵی چارەسەری كێشەكان بدەن، كە كار بۆ دروستكردنی قەیرانی نوێ‌ بەرن، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان خۆی لەقەیراندایەو قەیرانیش بەقەیران چارەسەر ناكرێت.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، كە پرسی لامەركەزی پارێزگاكان پرسێكی تری بەرهەم ساڵح بووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باسی كردووەو جەختیكردووەتەوە، كە نابێت ئەو پرسە بەو ئاراستەیە ببرێت، كە وەك هەوڵی دووئیدارەیی خوێندنەوەی بۆ بكرێت.

هـ ـ ح