ئیسرائیل لەبەهێزبوونی هێزی دەریایی میسر دەترسێت

لە میدیاکانەوە

01/06/2020‌ 845 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "ئیسرائیل دیفێنس"ی ئیسرائیلی بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە، كە هێزی دەریایی میسر زۆر بەخێرایی و بەشێوەیەكی نهێنی پێشدەكەوێت، كە ئەمە ترس و نیگەرانی لای ئیسرائیلییەكان دروست كردووە .

گۆڤارەكە لە بابەتەكەیدا باسی لەوەش كردووە، كە میسر لەڕێگای نوێكردنەوە و درووستكردنی بنكەی نوێ خەریكی بەهێزكردنی هێزە دەریاییەكانییەتی، بەمنزیكانەش حەوزی دروستكردنی كەشتی جەنگی لە ئەسكەندەرییە دەكرێتەوە، خۆشی مووشەكی دەریایی دروست دەكات.

هەروەها رایگەیاندووە، بەدڵنیایی ئەو چەكانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نین، بەڵكو بۆ خۆمادەكردنە بۆ جەنگ .

لەبەشێكی تری بابەتەكەی گۆڤارە ئیسرائیلییەكەدا هاتووە، كە سوپای ئیسرائیل رەتیكردووەتەوە وەڵامی ئەوە بداتەوە كە چۆن خۆیان بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەكانی هێزی دەریایی میسر ئامادە دەكەن .

لای خۆیەوە محەمەد عەبدولرەحمان شرۆڤەكاری میسری باسی لەوە كردووە، كە عامی روخكسی شارەزای ئیسرائیلی لەبابەتەكەیدا چەند پرسیارێكی لەبارەی هۆكاری خێرا خۆپڕچەككردنی سوپای میسر بەتایبەتی هێزی دەریایی كردووە، بەتایبەت پرسیاری ئەوەی كردووە، كە بۆچی میسر خەریكی كڕینی ژێردەریایی پێشكەوتووی ئەڵمانییە، كە بەدڵنیایی ئەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نییە .

محەمەد عەبدولرەحمان دەڵێت شارەزا ئیسرائیلییەكە پرسیویەتی:  ئەگەر هات و لەدوای كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی سیسی سەرۆكێكی توندرەو حوكمی میسری گرتەدەست چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكات بەتایبەت، كە ئەو هێزە پڕچەككراوە و هێرشبەرە مەترسیدارەی میسری لەژێر دەستدابێت؟

لەمدواییە میسر ژێردەریایی "ئێس-٤٣"ی هێرشبەری لەئەڵمانیا وەرگرت، كە لە چوارچێوەی گرێبەستێكدایە چوار ژێردەریایی لەخۆدەگرێت و كۆمپانیای تیسین گرووپی ئەڵمانی درووستیان دەكات، بەوەش ئەو ژێردەریاییانەی دەچنە پاڵ جبەخانە دەریاییەكەی میسر، كە توانەیەكی بەرگری و هێرشبەرانەی گەورەی لە ناوچەی دەریای ناوەراستدا هەیە .

لەساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ هەردوو ژێردەریایی تری "ئیس-٤١" و "ئێس-٤٢" رادەستی میسر كران، وابڕیارە ساڵی داهاتووش ژێردەریایی چوارەم بەناوی "ئێس-٤٤" بگاتە میسر .

هاتنەپاڵی ئەو ژێردەریاییانە بۆ ناو هێزی دەریایی میسر گۆڕانكارییەكی جۆریی دروست دەكەن و میسر دەگەیەننە ڕیزی خاوەن بەهێزترین هێزە دەریاییەكانی جیهان، كە ئیسرائیلییەكان بەو پێشكەوتنەی دەریایی میسر خۆشحاڵ نین بەتایبەت، كە زانیویانە لەساڵی ٢٠١٥ وە ئەو گرێبەستە لەنێوان ئەڵمانیا و میسردا هەیە .

راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، ئەوكات ئامووس جلعاد بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی كاروباری سیاسی و سەربازی لەوەزارەتی بەرگری ئسیرائیل وتی: دەبێت ئەڵمانیا دەستبەرداری فرۆشتنی ئەو ژێردەریاییانە بە میسر ببێت، دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسرائیلیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد وەك فرۆشتنی چەكی ئەڵمانی زاڵێتی تەكنەلۆژی جەنگی ئیسرائیل بەسەر وڵاتانی لەناوچەكەدا ناهێڵێت .

بەڵام بەگوێرەی كەناڵی سێی ئیسرائیلی، ئەوەی بووە جێگای سەرسوورمانی جلعاد ئەوە بوو، كە لەكاتی چاوپێكەوتنی بە تیمی ئەنگێڵا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانیا دەركەوت، كە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل ئاگاداری گرێبەستەكە بووە و هیچ لارییەكی نەبووە، بەڵام ناتانیاهۆی لای خۆیەوە ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە و بە تۆمەتێكی ئابروبەرانە وەسف كرد.

سەرەرای ترسی زۆری ئیسرائیلییەكان لەو خێرا پێشكەوتنەی هێزی دەریایی میسر، بەڵام مەزەندەكانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل كردووە، كە ساڵانە پێشكەشی پەرلەمان و حكومەتی دەكات، تێیدا بەدووری زانیوە لەماوەیەكی نزیكدا جەنگ لەنێوان میسر و ئیسرائیل هەڵبگیرسێت ، بەڵكو باسی لەوە كردووە كە ڕێكەوتننامەی ئاشتی نێوانیان بەشێوەیەكی باش دەچێتە پێشەوە و هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوانیاندا لەئاستێكی باشدایە .

وەرگێڕان : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی