پارتەكەی ئەردۆگان ڕێگری لەپارتە‌ نوێیەكانی توركیا دەكات

مەلەفی تایبەت

01/06/2020‌ 1700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی پارتی داد و گەشەپێدان، كە نەویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وتی: پڕۆژەیاسایی ئاكاری سیاسی، كە پارتی دادوگەشەپیدان خەریكی ئامادەكردنییەتی، ئامانجەكەی وەستاندنی "كردەی گواستنەوە و دانوستانە لەسەر پەرلەمانتارەكان"، هەروەها پەسەندكردنی سیستەمێكی تازە بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن لە توركیا.

ئەم هەنگاوەش لە كاتێكدایە، كە هەردوو پارتە تازەكەی توركیا، كە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلب باباجان دایانمەزراندوون، بنكەی جەماوەریان لە هەڵكشاندایە، داود ئۆغڵ و باباجانیش پێشتر ئەندامی پارتی دادوگەشەپێدان بوون. 

ئەم دوو پارتە تازەیەش،‌ كاریگەرییەكی گەوەریان دەبێت بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسی توركی لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی ساڵی 2023.

بە گوێرەی یاساكانی ئێستای توركیا، دەبێت پارتە سیاسییەكان كۆنگرەیەكی گشتییان بەستبێت، پەیكەری هەرێمایەتیشیان بە لایەنی كەمەوە لە نیوەی پارێزگانی وڵاتدا، (كە ژمارەیان 81 پارێزگایە) دامەزراند بێت، یان 20 پەرلەمانتاریان هەبێت لە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر دووپارتە ئۆپۆزسیۆنە تازەكە نەتوانن ئەو پێودانگانە دەستەبەر بكەن، ئەو كات پێویستیان بە پشتیوانی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی دیكە دەبێت بۆ دەستەبەركردنی پێودانگی دووەم.

پێشتر پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی لەوڵات، جۆرێك لەو خزمەتگوزارییەیان پێشكەشی پارتی دیكە كردووە.

بەرپرسێكی پارتی داد و گەشەپێدان وتی: "یاسای ئاكاری سیاسی" ئامانجەكەی ئەوەیە لە ئایندەدا ڕێگە لەو جۆرە قۆرتوقولاپانە بگرێت، هەروەها ئەوان دژی هەڵبژاردنی پێشوەختن.

ئەو هەمواركردنەوانەی پارتی داد و گەشەپێدان دەیانخاتەڕوو، سەبارەت بە یاسای پارتە سیاسییەكان لە توركیا، ڕێژەی نوێنەرایەتی لە 10% وە بەرز دەكاتەوە بۆ 15%، دووبارە ڕەنگڕێژی ناوچەكانی هەڵبژاردنیش دەكاتەوە كە پێی دەگوترێت "سیستەمی ناوچەی بەرتەسك" كە تێكەڵەیەكە لە سیستەمی ئێستا و سیستەمی ناوچەیی هەروەك لە بەریتانیا پەیڕەو دەكرێت.

لە ئێستادا 85 بازنەی هەڵبژاردن لە توركیادا هەن، هەمواركردنەكە ژمارەی بازنەكان بۆ 146 بازنەی هەڵبژاردن بەرز دەكاتەوه،‌ لە هەر بازنەیەكیش 5 پەرلەمانتاری تێدا هەڵدەبژێردرێت، بەمەش‌ سەختە بۆ پارتە‌ بچوكەكان كورسی پەرلەمانی بەدەست بێنن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دیڤا) ەوە كە عەلی باباجان سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەی گواستۆتەوە كە هەر هەمواركردنەوەیەك لە یاسای پارتە سیاسییەكان لە توركیا لە ئێستادا، بۆ بەرگرتنە لە پارتە سیاسییەكانی وەك پارتی (دیڤا) لەوەی بتوانن بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن.

بەرپرسێكی دیكەی پارتی داد و گەشەپێدان لە لیدوانێكیدا بۆ پێگەی "دیكنی هەواڵی- وتویەتی كە پارتەكەیان ئامانجی بەرگرتن نییە لەو دوو پارتە تازەكەی توركیا.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی وت: نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەندام پەرلەمانێك لە پارتێكەوە بگوازرێتەوە سەر پارتێكی دیكە، ئەوانەی سیاسەتی حزبەكەی خۆیان بەدڵ نییە دەتوانن دەست لە كاری پەرلەمانتاری بكێشنەوە، چونكە ماقوڵ نییە لە سیاسەتدا پەرلەمنتار قەرز بكەیت.

پێگەی دیكن  لە سەرزاری بەرپرسێكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەییەوە دەڵێت، كە پارتی گەلی كۆماری بەوە تۆمەتبارە كە پەرلەمانتارەكانی بە قەرز دەداتە پارتەكانی دیكە.

سەلیم تمورسی قسەكەری فەرمی پارتی ئایندە كە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆكایەتی دەكات، وتی پارتەكەیان  پشتیوانی لە هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجی برەودان بێت بە دیموكراسی و سەروەری یاسا.

تیمورسی هەروەها وتی: لەوانەیە حكومەت پلانی ئەوەی هەبێت لە ساڵی 2021 داوای هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بكات.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر