پارتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەست بەگفتوگۆو كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان دەكات

کوردستان

03/06/2020‌ 1391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كار بۆ چارەكردنی كێشەكان بكات، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتەكە ئاشكرایكرد، بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژانی داھاتوودا مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە.

 كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، بڕیارە مەكتەبی سیاسیی پارتیمان لەبارەی رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق كۆببێتەوە و كۆبوونەوەكەش چەند پرسێك لە خۆ دەگرێت، لەوانە پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنەكانی دیكە، ھەروەھا پرسی بەشداری لە حكومەتی عێراق و رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا تەوەرێكی دیكە، پرسی بژێویی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەبێت.

پەیوەست بە كۆبونەوەی پارتی و یەكێتی، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی وتی: بڕیارە ھەردوولا كۆببینەوە لەبارەی چارەسەركردنی كۆی پرسەكان، بێگومان بە یەك كۆبوونەوەش ھیچ پرسێك چارەسەر ناكرێت، بەڵكو چەند كۆبوونەوەیەك پێویستن لە نێوان ھەردوولا.

نەجاڕ وتیشی: پارتی ھەمیشە بڕیار و ھەڵوێستی ئەوە بووە، لە كاتی ھەبوونی ھەر كێشەیەك لە رێگەی دانوستان و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت، ئێستایش پارتی ئامادەیە بۆ ھەر پرسێك نەك لەگەڵ یەكێتی، بگرە لەگەڵ ھەر لایەنێكی دیكە كۆببێتەوە.

هـ ـ ح