كازمی لەبارەی دەستكارینەكردنی موچەی فەرمانبەران دڵنیایی داوە

کوردستان

04/06/2020‌ 1357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەتوان عەتوانی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەبارەی كەمنەكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانەوە دڵنیایداوە.

عەتوانی لەمیانی لێدوانێكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی حكومەت وتی: سەرۆك وەزیران سوورە لەسەر ئەوەی لەڕێگای هەڵسەنگاندنی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە و بەگرتنەبەری بڕیاری گونجاو چارەسەر ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا بدۆزێتەوە، روونیشیكردووەتەوە دەستبەردن بۆ موچەی فەرمانبەران كێشە و گرفت بۆ گەلێك لە خێزانەكان دروست دەكات.

پەڕلەمانتارەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوەش كردووەتەوە، سەرۆك وەزیران دڵنیاییداوە بەوەی جگە لە موچەی پلە باڵاكان لە بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەرەوە دەست بۆ موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی نابرێت .

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و درووستبوونی قەیرانی دارایی، حكومەتی عێراق لە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران گرفتی بۆ درووست بووە، بەجۆرێك بەشێك لە بەرپرسانی عێراق كەمكردنەوەی بەشێك لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیان وەك یەكێك لەڕێگاكانی تێپەراندنی ئەو قەیرانە داراییە هەژمار كردووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی