موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەنووسی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی یەكلادەكاتەوە

کوردستان

06/06/2020‌ 3595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم دوو رێگەیە، كە هەردوو رێگەكەش حكوتەكە بەرەو رووخان دەبات.

مانگی شەشەو حكومەتی هەرێم تەنیا یەك موچەی لەساڵی 2020 دابەشكردووە، ئەوە وایكردووە رۆژ بەرۆژ فشارەكان بۆ سەر كابینەی مەسرور بارزانی زیاتر بن، كە رەنگە فشارەكان سەر بكێشێت بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەهەرێمی كوردستان.

حكومەتی هەرێم بەبیانووی قەیرانی دارایی‌و نەناردنی بەشە بودجەی هەولێر لەلایەن حكومەتی عێراق ناتوانێت موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆی دابەش بكات، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی متمانە لای فەرمانبەران دروست بكات‌و رۆژ بەرۆژ تووڕەییان زیاد دەبێت.

حكومەتی هەرێم زیاتر لەیەك ملیۆن‌و سەد هەزار موچەخۆری هەیەو بۆ دابینكردنی موچەی ئەو ژمارەیەش پێویستی بەنزیكی نۆسەد ملیار دیناری عێراقی هەیە، كە ئێستا داهاتەكەی زۆر كەمیكردووەو كورتهێنانی هەیە، بۆیە ناتوانتێت وەك پێشوو موچە دابەش بكات.

پێشتر حكومەتی هەرێم بەنزیكی پێنج سەد ملیار دیناری لەبەشە بودجەكەی لەعێراق‌و نزیكەی 400 ملیار دیناری داهاتی نەوت‌و ناوخۆ موچەی فەرمانبەرانی دابەش دەكرد، بەڵام ئێستا بەغدا ئەو بڕە پارەی بڕیوەو داهاتی ناوخۆو نەوتیش بەرێژەی 80% كەمیكردووە.

نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوەو كەمبوونەوەی داهات بووەتە هۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم بخاتە بەردەم دوو رێگا، كە هەردوو رێگاكەش یەك چارەنووسی هەیە، ئەوریش بەرەو رووخانی دەبات.

دوو رێگاو یەك چارەنووس
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا لەبەردەم دوو رێگایە، كە ئەویش بەردەوامییە بەم دۆخەی ئێستاو بە 60 بۆ 80 رۆژ جارێك موچە دابەش بكات، یان دەستكاری موچە بكات وەك ئەوەی خۆی بەرنامەی بۆ داناوە.

ئەوەی ئێستا بەدیدەكرێت، كە فەرمانبەرانی هەرێم قبووڵی ناكەن بەم دۆخە حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت، بەوەی شەست رۆژ جارێك موچە وەربگرن، بۆیە حكومەتی هەرێم بیری لەرێگەیەكی تر كردووەتەوە، ئەویش دەستكاریكردن‌و كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانە. 

بۆیە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم بەرنامەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانیان داناوەو سووریشن لەسەر ئەم هەنگاوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێی كەوتوون.

بۆ ئەو مەبەستەش لەدواین كۆبوونەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەسەر كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم داوەو لەسەر ئەو پرسەش ناكۆكی لەناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران هەیەو بەشێك لە وەزیرەكان پشتیوانی دەكەن و بەشێكیشیان دژایەتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست شارپرێس دەستیكەوتووە تائێستا واژوو لەسەر ئەو بریارە نەكراوە بەهۆی ناكۆكییەكانەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بەبێ رەزامەندی وەزیرە ناڕازییەكان ئەو بریارە بدرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەریەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم پێش كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران رێككەوتوون لەسەر كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران و تەنانەت بە بڕیاری دەستكاریكردنەوە چوونەتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.

هەروەها لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بیرۆكەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و زۆرینەی وەزیرەكانی یەكێتی نیشتانی و بزووتنەوەی گۆڕان رەتكراوەتەوە، بەڵام تەنیا ئاوات شێخ جەناب پاڵپشتی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی كردووە بەپاساوی ئەوەی بەم دۆخەی ئێستا ناتوانن موچەی تەواوەتی فەرمانبەران بدەن.

هاوكات مەسرور بارزانی لەو كۆبوونەوەیەدا پێداگیری كردووە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەو بۆ ئەو مەبەستەش بەتوڕەبوونەوە وتویەتی دەستكاری موچەی فەرمانبەران دەكات و گوێ بەكاردانەوەكانیش نادات.

وەك چۆن فەرمانبەرانی هەرێم ئەو دۆخە قووڵناكەن، كە شەست رۆژ جارێك موچە وەربگرن، ئەوە ئەوەش قووڵناكەن موچەیان كەمبكرێتەوە، ئەمە جگە لەناڕەزایی زۆرینەی وەزیرەكانی یەكێتی‌و گۆڕان، كە دوو حیزبی بەشدارن لەكابینەی مەسرور بارزانی.

بۆیە دەتوانرێت ئەوە بوترێت، موچەی بە هەر بارێك بێت، چارەنووسی كابینەكەی مەسرور بارزانی یەكلادەكاتەوەو هەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن لەدوای هەر بڕیارێك خۆپیشاندانی گەورەو سەرتاسەری لەهەرێم بەرێوەبچێت.

بەرێوەچوونی خۆپیشاندانیش لەم كاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر خۆپیشاندانەكە سەرتاسەری بێت، هیچ رێگەیەك بۆ مەسرور بارزانی نامێنێتەوە، بەوەی دەست لەكاربكێشێتەوەو تەنانەت ئەگەر فشارەكان زیاتربن رەنگە ئاڵۆزی لەهەرێمی كوردستان دروست بێت.

هـ ـ ح


بەپەلە