بڵاوكردنەوەی دەنگۆی مردنی نوری مالیكی كاردانەوەی دروست كردووە

عیراق

06/06/2020‌ 1626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیكی ڕێبەری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەنگۆی مردنی نوری مالیكی بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا رەتكردەوە، كە ئەو پرسە كاردانەوەی دروست كردووە.

لەو بارەیەوە هیشام ڕوكابی بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی مالیكی لە تویتێكدا نووسیویەتی: ئەوە بانگەشەیەكی درۆزنانەیە و هەواڵە درۆیینەكان چەكی كەسانی مایەپووچن.

لەبەشێكی تری تویتەكەیدا كە وەك وەڵامێكە بۆ ژێرنووسێكی كەناڵی عەرەبییە، كە نووسیویەتی: نوری مالیكی سەرۆك وەزیری پێشووی عێراق بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆناوە كۆچی دوایی كردووە، روكابی دەڵێت: كین لەدڵان لە مالیكی لەرووبەرووبوونەوەی ئەودا دەستەوەستانن و هیچیان بەدەستەوە نییە جگە لە برەودان بە درۆ و دەلەسە نەبێت .

لەماوەی رابردوودا ڕوكابی وێنەی نوری مالیكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا پێشوازی لە فالح فەییازی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەكات .

لە وێنەكەدا كە مالیكی پێدەكەنێت نووسیویەتی: لەمیانی دیدارەكەدا باس لە دواین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و پرۆسە سەربازییەكانی هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی شەعبی كرا لەچوارچێوەی پرۆسەی پاڵەوانەكانی عێراقدا.

ئەوە یەكەمجار نییە هەواڵی كۆچی دوایی نوری مالیكی لە دەزگاكانی راگەیاندندا بڵاودەبێتەوە، بەڵكو لەماوەی رابردوودا چەندین جار نووسینگەكەی هەواڵی كۆچی دوایی ئەو سیاسییە تەمەن ٧٠ ساڵییەی رەتكردووەتەوە.

 ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

 

 


بەپەلە