گۆڤاری فۆربس پێشبینی دەكات لە جەنگی نێوانیاندا روسیا ناتۆ تێكبشكێنێت

لە میدیاکانەوە

13/06/2020‌ 687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری فۆربسی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، كە كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە ئەڵمانیا دەبێتە هۆی لاوازكردنی هەڵوێستی ناتۆ لەحاڵەتی هەڵگیرساندنی هەر ململانێیەكی سەربازییلەگەڵ روسیا .

گۆڤارەكە لە بابەتێكیدا كە بەناونیشانی "پێش ترامپ.. روسیا پێویستی بە ٦٠ كاتژمێر بوو تا بەسەر ناتۆدا سەربكەوێت، ئێستا مۆسكۆ بەشێوەیەكی خێراتر دەتوانێت، بڵاوكردووەتەوە .

بەگوێرەی گۆڤارەكە كەمكردنەوەی هێزەكانی ناتۆ لەئەڵمانیا دەبێتە هۆی لاوازكردنی هاوپەیمانییەكە بەرانبەر بە روسیا، بەتایبەت وڵاتانی بەڵتیك زۆرترین مەترسیان لەسەر دەبێت. 

هەروەها رایگەیاند، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ وڵاتانی ناتۆ ناتوانن بەرگەی ‌هێرشی روسیا بۆ سەر وڵاتانی ئیستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیا بگرن .

فۆربس ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، مۆسكۆ دەتوانێت بەخێرایی ٧٦٠ تانك لەناوچەكەدا بڵاوبكاتەوە، لەكاتێكدا ناتۆ تەنیا ١٣٠ تانكی لەناوچەكەدا هەیە، كە زۆرینەیان تانكی ئەمەریكین، لەبەر ئەوە ناتۆ ناتوانێت بەرگەی هێرشی روسیا لەو ناوچەیە بگرێت تەنانەت ئەگەر لەڕووی هێزی ئاسمانیشەوە لەپێش روسیاوە بێت .

گۆڤارە ئەمەریكییەكە پێیوایە كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەئەوروپا مانای ئەوەیە، كە روسیا بەكەمتر لە ٦٠ سەعات دەتوانێت وڵاتانی بەڵتیك داگیر بكات، بەوجۆرە ئێستا ئەندامەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپای هاوپەیمانی ناتۆ لەهەموو كات زیاتر مەترسی روسیایان لەسەرە.

لەماوەی رابردوودا دەزگاكانی راگەیاندن بڵاویانكردەوە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا پلانی ئەوەی هەیە نزیكەی ١٠ هەزار سەربازی ئەمەریكی لە ئەڵمانیا بكێشێتەوە، بەڵام هێشتا لایەنی ئەڵمانی ئەو زانیارییانەی پشتراستنەكردووەتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی