بەستنی پەیوەندییەكان لەگەڵ سوریا مەترسیدار دەبێت

مەلەفی تایبەت

20/06/2020‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "كومیرسانت" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئەو گرفتانەی دروست دەبێت لە ئەنجامی چالاككردنی بەناو "یاسای قەیسەر" دژی سوریا.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا دەست بەرداری هەوڵەكانی نابێت لە ناچاركردنی دیمەشق بەوەی بەگوێرەی رێساكانی خۆی رەفتار بكات، رۆژی چوار شەممەی رابردوو هەنگاوی یەكەمی هەڵێنا بەگوێرەی "یاسای پاراستنی مەدەنییە سورییەكان"ی ناسراو بە یاسای قەیسەر، سزاكان ٣٩ كەسایەتی و قەوارەی یاسایی لە سوریا گرتەوە، و لە نێویاندا سەرۆك بەشار ئەسەد و هاژینەكەی.

ئێستا دەتوانرێت رێكاری كۆت و بەندكردن تەنیا لە دژی سورییەكان پیادە نەكرێت، بەڵكو دژی ئەوانەشی هاوكاریان دەكەن، هەروەها لەگەڵ پەیكەربەندییەكانی روسیا و ئێران، ئەوانەی لە سوریادا كار دەكەن. 

هەر بڕیارێكیش دیمەشق دەریبكات و پێچەوانەی ویستەكانی واشنتۆن بێت، دەبێتە مایەی هۆكاری سەپاندنی سزا بەسەریدا، كە مۆسكۆش وای دەبینێت، ئامانج لە یاسای قەیسەر "وەلانانی دەسەڵاتی شەرعیە" لە دیمەشق.

لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆكی كاروباری دەرەوەی روسیا (ئەلیكسەندەر ئەكسینیونوك) دەڵێت: یاسای قەیسەر، تاقیكردنەوەیە بۆ توانای روسیا لەسەر پارێزگاریكردن لە سیستەمی دەسەڵاتی سوریا. 

وتیشی: سزاكانی ئەمریكا دژی هاوكاری نێوان روسیا و سوریایە، لە نێویاندا هەوڵەكانی سوریا بۆ كەمكردنەوەی ئازاری سورییەكان، لە میانی ناردنی كەلوپەلی تەندروستی بۆیان، ئەمەو سەرەڕای پرۆژەكانی تریش، سزا سەپێنراوەكان بەسەر بانكی ناوەندی سوریادا، هەموو كاروبارێك لەم وڵاتەدا روبەروی مەترسی دەكاتەوە.

هەروەك ئەكسینیونوك ئاماژەی پێدەكات، یاسای قەیسەر ناوەندی دەسەڵاتدارەكانی سوریا دەكاتە ئامانج و دابەشبوونێكی بەرچاو لەناو خێزانی ئەسەد و بازنەكانی عەلەوی و دەستەبژێری دەسەڵاتدار بە شێوەیەكی گشتی، دروست دەكات. بەهۆی ئەمەشەوە، لۆژیكی دەبێت كە سەركردایەتی سوریا چاو بخشێنێتەوە بە هەڵوێستەكانیدا بەكاركردن لەگەڵ لیژنەی دەستووری. 

باسی لەوەش كرد، پرسیارەكەش ئەوەیە چی دەبێت ئەگەر دیمەشق بە عەقڵانیەت رەفتار بكات بەگوێرەی لۆژیكی سیاسی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا