دوو پەرلەمانتاری كورد داوا لەكازمی دەكەن پرسی هێرشەكانی توركیا بباتە ئەنجومەنی ئاسایش

کوردستان

20/06/2020‌ 474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دووپەرلەمانتاری كورد لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا دەكەن لێکۆڵینەوە لە سنوربەزاندنی سوپای تورکیا بكات و كەیسە بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوەكو بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
هەردوو پەرلەمانتار سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد لەنامەكەیاندا ئاماژەیان بەوەكردووە، ئێوە ئاگادارن هێزە تورکیا لە رێگای ئاسمانی و زەمینی لە رۆژانی ۱٥، ۱٦، ۱۷ ی حوزەیرانی ۲٠۲٠ سەروەری خاکی عێراقی بەزاند لە رێگەی هێرشی ئاسمانی لە قوڵایی خاکی عێراق. هەروەها لە رێگەی هێزی کۆماندۆی تورکی لە ناوچەی حەفتەنینی پارێزگای دهۆک سنوربەزاندنی سوپای تورکیا جویە قۆناغێکی ترسناک بۆ سەروەری و سیادەی عێراق.
هەروەها باسیان لەوەكردووە، ئێمە سەرەرای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە، داواتان لێدەکەین کاربکەن بۆ بردنی ئەم کەیسە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تا بریاری لە بارەوە بدرێت

دەقی نامەكە: 

بەرێز سەرۆک وەزیران 

بابەت: لێکۆڵینەوە لە سنوربەزاندنی سوپای تورکیا

ئێوە ئاگادارن هێزە تورکیا لە رێگای ئاسمانی و زەمینی لە رۆژانی ۱٥، ۱٦، ۱۷ ی حوزەیرانی ۲٠۲٠ سەروەری خاکی عێراقی بەزاند لە رێگەی هێرشی ئاسمانی لە قوڵایی خاکی عێراق. هەروەها لە رێگەی هێزی کۆماندۆی تورکی لە ناوچەی حەفتەنینی پارێزگای دهۆک سنوربەزاندنی سوپای تورکیا جویە قۆناغێکی ترسناک بۆ سەروەری و سیادەی عێراق.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی یە بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە کە ئەو هێرشانە بە هەماهەنگی و مۆڵەتی پێشوەختەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بووە، وە باس لەوەش دەکەن کە حکومەتی عێراق مۆڵەتی داوە سوپای تورکیا بنکەی سەربازی زیاتر لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. 
ئێمە سەرەرای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە، داواتان لێدەکەین کاربکەن بۆ بردنی ئەم
کەیسە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تا بریاری لە بارەوە بدرێت و فشارە نێودەوڵەتیەکان زیاد بکرێت لەسەر  تورکیا، داوای قەرەبوکردنەوەی زیانە مادی و مرۆییەکانیش لە لایەنی تورکی بکرێت.
ئێمە چاوەروانی هەنگاوی کردارین لە بەرێزتان وەک سەرۆکوەزیران، وەک فەرماندەی گشتی  هێزە چەکدارەکان کە سوێندتان خواردووە پارێزگاری لەخاک و گەلی عێراق بکەن لەهەر هەرەشەیەکی دەرەکی. 

غالب محمد عەلی
سەركەوت شەمسەدین