ئەمساڵ تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی عێراق بەڕێژەی 12.3% كەمیكردووە

ئابوری

30/06/2020‌ 393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لەنیوەی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی بەڕێژەی ١٣،٣٪ كەمی كردووە.

دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەراپۆرتێكدا راشیگەیاند، تێكرای داهاتی وەرزی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەپێی نرخە بنەرەتییەكان گەیشتووەتە ٥٣١٢٩ تڕیلیۆن دینار، كە دەكاتە ٤٤،٩ ملیار دۆلارو بەراورد بە وەرزی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ بەڕێژەی ١٢،٣٪ لەسەر بنەمای نرخە بنەرەتییەكان دابەزیوە.

وەزارەتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، تێكرای داهاتی ناوخۆیی بۆ وەرزی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەراورد بەوەرزی چوارەمی ساڵی ٢٠١٩ لەسەر بنەمای نرخە بنەرەتییەكان بەڕێژەی ٢٠،٩٪ دابەزیوە.

باس لەوە كراوە، كە هۆكاری دابەزینی داهاتەكان بۆ كەمبوونەوەی بەرهەمی چالاكییە نەوتییەكان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی چالاكییە كشتوكاڵییەكانەوە بووە، ئەوە سەرباری كەمكبوونەوەی چالاكییەكانی بواری بینا و تەلارسازی، ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتووەتە پێشەوە كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەسەر كەمبوونەوەی تێكرای داهاتی ناوخۆیی.

مەبەست تێكڕای بەرهەمی خۆماڵی بریتییە لە خەمڵاندنی نەختینەیی تەواوی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزاییانەی، كە لە ناوخۆی وڵاتێكدا، یان هەرێمێكدا بەرهەمهێنراون، یان بەكارهێنراون لە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا، واتا تێكرای بەرهەمی خۆماڵی بە كۆكردنەوەی تەواوی بەكارهێنان و وەبەرهێنان و پوختەی هاوەردە و هەناردەكردنی شمەك لە نێو سنووری وڵاتێك، یان هەرێمێكدا ئەژمار دەكرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی