بزووتنەوەی نەهزەی تونس سەرۆكایەتی بۆ راشید غەنوشی نوێناكاتەوە

مەلەفی تایبەت

30/06/2020‌ 742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی جەخت لەوە دەكەنەوە، كە سەركردە مێژوویییەكانی بزووتنەوەكەیان نەیاری بیرۆكەی هەمواركردنەوەی یاسای ناوخۆیی بزووتنەوەكەیانن لەوەی‌ دووبارە و پێش گرێدانی كۆنگرەی بزووتنەوەكەیان سەرۆكایەتی ڕاشد غەنوشی تازە بكاتەوە‌.

حەمدی زواری ئەندامی لیژنەی شورای بزووتنەوەكە لە واڵەكەی‌ خۆی لە فەیس بوك، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئەنجومەنەكەیان پرسی وادەی كۆنگرەی 11 ی بزووتنەوەكەیانی یەكلاییكردۆتەوه كە دەكەوێتە پێش كۆتایی ساڵی 2020‌. 

پێش یەكلاییكردنەوەی پرسی وادەی كۆنگرەكە‌،  گێرمەوكێشمەی زۆری لەسەر كرا، چونكە چەند سەركردەیەكی دێرینی بزووتنەوەكە پێشدەستییەكیان لەوبارەوە پێشكەش كردووە كە كۆنگرەكەیان پێش كۆتایی ساڵی 2020 گرێبدرێت و سەركردایەتییەكی تازەش بۆ بزووتنەوەكەیان هەڵبژێرن، ئەمەش پێچەوانەی وویستی غەنوشییە كە ئامانجی دواخستنی وادەی كۆنگرەیە.

زۆرێك لە سەركردە مێژییە‌كانی بزووتنەوەكە ئەوە ڕەتدەكەنەوە غەنوشی گەڕێكی دیكەش سەرۆك بێت ، چونكە دوو خولی یەك لە دوای یەك سەرۆك بووە و مافی یاسای نەماوە دووبارە خۆی بپاڵێوێتەوە، بە تایبەتیش كە غەنووشی بۆ نزیكەی نیو سەدەیە ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە.

سەركردەكانی نەهزە داواكارن دەستەبەری بنەمای دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە ناو بزووتنەوەكەیاندا بكرێت، ئەمەش‌ لە پێناو تازەكردنەوەی كادیرە دەستەبژێرەكانیان لە چوارچێوەی پرۆگرامی سەرەكی و نەریتە دیموكراسییەكان و دەسەڵاتی دامەزراوەكاندا، تاوەكو وڵامی پێداویستی دۆخی ئێستای وڵاتی پێ بدەنەوە.

چەند واڵێكی سەر سۆشیاڵ میدیای نزیك لە بزووتنەوەكە پێشتر ڕایانگەیاندبوو كە پێشدەستییەك لە لایەن چەند سەركردەیەكی بزووتنەوەكەوە لە ئارادایە و ناوی "كۆمەڵەی یەكبوون و نوێبوونەوە" ی لێنراوە، پێشدەستییەكە 7 خاڵ لەخۆ دەگرێت سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆكی بزووتنەوەكە و وادەی كۆنگرەی ئایندە كە بە هۆی خەمساری غەنوشییەوە لە وادەی خۆیدا گرێنەدراوە، چونكە غەنوشی گەرەكیەتی دەستەبەری ئەو هەمواركردنەوانە بكات كە ڕێی بۆ خۆشدەكەن بۆ جارێكی دیكەش وەك پیاوی یەكەمی بزووتنەوەكە بمێنێتەوە و سەرۆك بێت.

پێشدەستییەكە هەریەك لە : عەبدولكەریم هاڕونی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، ڕەفیق عەبدولسەلام (زاواكەی غەنوسی) ی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، نورەدین عەرباوی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی، موحسین نوێشی بەرپرسی نووسینگەی هەڵبژاردن، موختار لموشی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، فەخرەدین شلیق- ی بەرپرسی نووسینگەی كۆچبەران، سوهەیل شابی جێگری سەرۆكی نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، محەمە‌د قەلەوی بەرپرسی نووسینگەی سەندیكاكان و كەسانی دیكەش لە خۆدەگرێت.

سەرچاوە نزیكەكانی ناو بزووتنەوەكە دەڵێن كە سەركردە مێژییەكانی بزووتنەوەكە دژ بە بیرۆكەی‌ هەمواركردنەوەی‌ یاسای ناوخۆیی بزووتنەوەكەیانن لە درێژكردنەویەی ماوەی سەركردایەتییكردنی غەنوشی پێش كۆنگرە، هەر چەندە چەند گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەكی ژێربەژێر‌ی ئەندامانی بزووتنەوەكە لەگۆڕییە بە ئامانجی ڕازیكردنیان لە بەرامبەر گێرانەوەی ئەو زێدەمافە دارایی و كارگێڕییانەی پێشتر چەند ئەندامێكی ناڕازی ئێستا لەدەستیانداوە، بەو هۆیەی دژ بەوە بوون غەنوشی تاكە بڕیارساز بێت و ڕای ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەكەش وەرنەگیرێت.

چاودێران پێیان وایە وێنەی غەنوشی لە ناو بزووتنەوەكەدا وەك سەركردەیەكی بێڕكابەر پاشەكشەیەكی گەورەی كردووە و لیستی بوێرانی ناو بزووتنەوەكەی كە دەنگیان هەڵبڕیووە لە فراوانبووندان. كێبڕكێكارانی غەنوشی ئەمەی ئێستا بە هەلێكی مێژوویی دەزانن بۆ هاتنەسەركاری سەركردەی تازە، ئەمەش بە دەستگرتن بە بنەمای دەستاودەستكردنی دەسەڵات كە بە دەق لە پەیڕەووی ناوخۆی بزووتنەوەكەیاندا هاتووە. 

پرسەكە لەسەر سەركردایەتیكردنی بزووتنەوەكەیە كە غەنوشی ڕەتیدەكاتەوە دەستبەرداری سەركردایەتی بزووتنەوەكە بێت، چونكە ناوبراو بڕیارسازی بزووتنەوەكەی پاوانكردووە و لەگەڵ خانەوادە و سەركردە تازە پراگماتییەكاندا كاروباری بزووتنەوەكە هەڵدەسوڕێنن.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر