ئەڵمانیا بڕی ١.٦ ملیار یۆرۆ بۆ هاوكاریكردنی سورییەكان تەرخان دەكات

جیهان

01/07/2020‌ 492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا (مایكۆ ماس) رایگەیاند، بەرلین نزیكەی ١.٦ ملیار یۆرۆی تر وەك هاوكاری مرۆیی بۆ سورییەكان تەرخان دەكات.

وەزیرەكەی ئەڵمانیا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی چوارەمی برۆكسیل، دەربارەی سوریا، وتی: بەرلین ١.٥٨٤ ملیار یۆرۆ تەرخان دەكات، بۆ كەمكردنەوەی ئەو ئازارو مەینەتەی  سورییەكانی تێدایە.

ناوبراو ئەوەشی وت: ناتوانین بیهێنینە پێش چاوی خۆمان گەلی سوریا چ ئازارێك دەكێشێت، ئەركی ئێمەشە ئەو ئازارەیان لەسەرشان كەمبكەینەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها جەختی لەسەر پێویستی درێژكردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٢٥٠٤ كردەوە، دەربارەی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ سورییەكان.

هەروەها وتی: ژیانی ملیۆنەها خەڵك پشت بە هاوكارییەكان دەبەستێت، كە بۆ سوریا دەچێت لە رێگای توركیا و عێراقەوە، ئاماژەشی بۆ گرنگی پشتیوانی وڵاتە دراوسێكان كردەوە لەوەرگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرە سورییەكان.

وەرگێڕان: كۆژیار حلمی