سیامەند موعینی: میت‌و ئیتڵاعات‌و پاراستن هەوڵی تیرۆركردنی كادرانمان دەدەن

کوردستان

01/07/2020‌ 1633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پژاك رایگەیاند، دەزگای میتی تورك و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستنی پارتی ژوورێكی هاوبەشیان هەیەو هەوڵی تیرۆركردنی كادرانی پژاك دەدەن.

سیامەند موعینی راشیگەیاند توركیا دەیەوێت ئێرانیش بخاتە شەڕەوە دژ بە پژاك و هۆشداریدا، ئەگەر ئێران بكەوێتە شەڕێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاك، بەدڵنیاییەوە پژاك لەسنوورەكان نامێنێتەوە و دەكەوێتە قووڵایی شارەكانی ئێرانەوە.

سیامەند موعینی، هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك، لەمیانی بەشدارییكردنی لە پڕۆگرامی ڕاڤە-ی تەلەفزیۆنی ئاریەن تیڤی-دا، تیشكی خستەسەر هێرشەكەی ٢٥ی حوزەیرانی  "مانگی شەش" دەوڵەتی توركیا لە كونەماسی و پرۆسەی داگیركاری سەر كوردستان.

هاوسەرۆكی پژاك باسی لە هێرشەكەی سەیرانگای كونەماسی كرد و وتی: چوار هەڤاڵمان لەكاتی ئەركدابوون و بۆ كارێكی ڕێكخستنی بە كونەماسیدا تێپەڕبوون و جلی مەدەنییشیان لەبەردا بووە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی توركەوە هێرش كرایە سەریان و هەڤاڵێكمان بەناوی ئاریوان شۆڕشگێڕ شەهیدبوو و سێ هەڤاڵیشمان برینداربوون.

موعینی ئاماژەی بەوەشكرد، دەوڵەتی تورك هەوڵدەدات ئێرانیش بخاتە شەڕەوە دژ بە پژاك و وتی: دەوڵەتی تورك شەڕێكی هەمە لایەنەی دژ بە گەلی كورد دەستپێكردووە، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ئێران بخاتە نێو شەڕێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئێمە، بەڵام ئێران لاوازترە لەوەی بكەوێتە شەڕێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاك، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ئابووریی و سیاسییەی، كە ئێستا بەسەری هاتووە.

هاوسەرۆكی پژاك هۆشداریشیدا: ئەگەر ئێران بكەوێتە شەڕێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاك، بەدڵنیاییەوە پژاك لە سنوورەكان نامێنێتەوە و دەكەوێتە قووڵایی شارەكانی ئێرانەوە.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سیامەند موعینی باسی لە هەماهەنگی نێوان میتی تورك و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستنی پەدەكە كرد و وتی: میتی تورك و ئیتڵاعاتی ئێران‌و پاراستی پەدەكە مێزێكی هاوبەشیان هەیە و جاروبار بەیەكەوە كۆدەبنەوە و لەسەر دۆخی كورد گفتوگۆ دەكەن، بەتایبەتیش كار لەسەر وەشاندنی گورز لە پژاك دەكەن.

لەبارەی وردەكاریی كارەكانیشیانەوە سیامەند موعینی وتی: لەم مانگانەی ئەمدواییەدا بەتایبەت لە میدیاوە شەڕێكی تایبەت لەدژی پژاك دەكەن، هەوڵی تیرۆركردنی كادران و ڕێبەرانی پژاك دەدەن، ئێمە زۆر بەوردیی ئاگاداری پیلان و پرۆژەكانیانین.

هەر لە قسەكانیدا، هاوسەرۆكی پژاك ڕایگەیاند: دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و بەدیارییكراوییش بنەماڵەی بارزانی و پەدەكە بەرژەوەندییەكانیان بەستووەتەوە بە ئاكەپەوە، ئەوەش وایكردووە كە كارئاسانییان بۆ دەكەن بۆ ئەوەی سیخووڕیی بەسەر گەریلاوە بكەن.

سیامەند موعینیی جەختی لەوەش كردەوە، كە بەبێ بنەبڕكردنی سیخووڕیی و خیانەت سەركەوتن ئەستەمە لە كوردستان و وتی: ئەوە تەنیا چارەنووسی باشوری كوردستان نییە، بەڵكو چارەنووسی هەموو كوردستانە، بۆیە پێویستە بەهەموومان بە یەكدەنگ دژی داگیركاریی و سیستمی شۆڤێنیزم و داگیركاریی هەڵوێستمان هەبێت.

هـ ـ ح