هیچ حاڵەتێكی دووبارە تووشبوونەوەی كۆرۆنا لەعێراق تۆمار نەكراوە

عیراق

02/07/2020‌ 583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق هەواڵی دڵخۆشەر لەبارەی ئەو كەسانە بڵاودەكاتەوە، كە نەخۆشی كۆڕۆنایان پەراندووە بەوەی تائێستا هیچ كامێكیان جارێكی تر تووشی نەخۆشییەكە نەبوونەتەوە .

عەدنان نەووار ئەندامی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: تائێستا لەعێراق هیچ حاڵەتێكی دووبارە تووشبوونەوەی ئەو كەسانە تۆمار نەكراوە، كە پێشتر ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا نەووار وتی: بەپێی لێكۆڵینەوە بەراییەكان ئەو كەسانەی نەخۆشییەكە دەپەڕێنن بەرگری بەرانبەر بەڤایرۆسەكە پەیدا دەكەن بەوەی جارێكی تر تا ٤ بۆ ٦ مانگ یان زیاتر تووشی ڤایرۆسەكە نابنەوە، هەروەك كەسی چاكبووەوە هیچ مەترسییەكی بۆ سەر كەسانی ئاسایی نییە و ڤایرۆسەكەیان بۆ ناگوازێتەوە.

بەقسەی شارەزایانی تەندروستی ئەو لێدوانە گرنگی دوو بابەت دەردەخات، كە ئەوانیش چارەسەركردن لەڕێگای پلازمای خوێنی كەسانی چاكبوو، دوومیشیان پەیرەوكردنی ستراتیژییەتی بەرگری بەكۆمەڵ، تووشبوونی زۆرترین ژمارەی خەڵك دەستەبەری ئەوە دەكات، كە جارێكی تر تووش نەبنەوە و كۆتایی بە ڤایرۆسەكە بێت .

بەپێی داتاكانی ڕێكخراوی تەندووستیی جیهانی، تا رۆژی سێشەممە 49,109 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون، كە لەو ژمارەیە 24,760 تووشبوو بەتەواوەتی چاكبوونەتەوە و 1,943  تووشبووش گیانی لەدەستداوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی