دادگا بڕیار دەدات.. ئایاسۆفیا مۆزەخانەیە یان مزگەوت؟

ڕاپۆرت

03/07/2020‌ 1387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "ئۆراسیا دیلی" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی پرسی قۆستنەوەی  كەنیسەی "ئایاسۆفیا" لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ مەبەستی سیاسی و پرسیار دەكرێت لەوەی توانای ئەوەی هەیە دوو چۆلەكە بە بەردێك بكوژێت؟

بەپێی راپۆرتەكە، بڕیار لەسەر چارەنوسی "ئایاسۆفیا" لە ئەستەمبوڵ دەدرێت، كە ئێستا وەك مۆزەخانە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، حكومەتی توركیا هەوڵیداوە بیكات بە مزگەوت و دادگای باڵای توركیا بڕیاری لەبارەوە دەدات.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن بۆ ماوەی چەند رۆژێك خوێندنەوەی بڕیارەكە دوا بخرێت، هەروەك "فرانس پرێس" ئاماژەی بۆ كردووە.

لەو بارەیەوە، شارەزا لە ناوەندی "ئەنجوومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندییەكان" لە لەندەن (ئەسلی ئیدینتاسابس) دەڵێت: پێدەچێت بڕیارەكەی دادگا سیاسی بێت، ئەنجامەكەشی هەرچییەك بێت، لەلایەن حكومەتی توركیاوە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

ناوبراو ئەوەش دووپات دەكاتەوە، حكومەتی سەرۆك ئەردۆغان ژمارەیك پرس تاوتوێدەكات، لە نێویاندا پەیوەندییەكان لەگەڵ یۆنان و ئەوروپا و ئەمریكا و ئاینیش پرسێكی گرنگ دەبێت.

هەروەها شارەزایەك لە كۆمپانیای ڤێرسیك ماپڵیكرۆفت بەناوی (ئەنتۆنی سكینر) مەترسییەكان هەڵدەسەنێگێنێت  و دیدی خۆی دەخاتە روو، بەوەی كردنی ئایاسۆفیا بە مزگەوت وا دەكات ئەدرۆغان دوو چولەكە بە بەردێك بكوژێت. 

ئەوەشی وت: دەكرێت سەرۆكی توركیا بنكە سیاسییە ئیسلامی و نیشتمانییەكەی بەهێز بكات، ئەویش بە پاراستنی ڕادەی گرژییەكان لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ یۆنان و خستنە رووی ئەوەی، كە ئەنقەرە توانای ئەوەی هەیە بڕیارە سەروەرییەكان بدات بەبێ گوێدانە هەڵوێستی هێزە دەرەكییەكان، لە نێویانیشدا هێزە مەزنە جیهانییەكان. 

سكینەر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی لەوەش كردووە، ئەردۆغان هیچ سیمبولێكی نەدۆزیەوەتە، وەك ئایەسۆفیا بەرزو بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەموو ئامانجەكانی لە یەك كاتدا بەدەست بهێنێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا