پەرلەمانتارێكی كوردستان داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات كۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەكان بكات

کوردستان

06/07/2020‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەم بورهان قانع ئەندامی پەرلەمانی كوردستان داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات، كۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەكان بكات‌و رێكیبخاتەوە.

مەم بورهان قانع لەنووسینێك دەڵێت: كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و گەڕاندنەوەی تەواوی داهاتەكانی بۆ خەزێنەی گشتیی وڵات لەلایەن "مستەفا كازمی"یەوە، رێگایەكی سەختە و پڕە لە هەوراز و نشێو، سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەركە بە دەزگای دژی تێرۆری عیراقیی سپێردراوە.

هەروەها دەڵێت: كازمی، نەیتوانی 48 كاتژمێر تەنیا 14 چەكداری سەر بە یەكێك لە میلیشیاكانی شیعە لە گرتوخانەكانی دا گلبداتەوە بۆ لێكۆڵینەوە (نەك حوكمدان، لەكاتێكدا هەمان ئەرك بە دەزگای دژی تێرۆر سپێردرابوو بەمەیش لە "شكۆ"ی دەزگای ناوبراو درا)، ئێستا چۆن دەتوانێت لەم تاقیكردنەوە قورسەدا سەركەوتوبێت و شەڕی ئەو لێشاوی گروپە چەكدارییە شیعانە بكات، كە پێگەیان لەناو پەرلەمانی عێراقی-شدا زۆر بەهێزە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەڵێت: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان-یش (بەچاودێریی پەرلەمان) تەواوی دەروازە سنورییەكان و خاڵە گومرگییە فەرمی و نافەرمییەكان، كە هەندێكیان 29 ساڵە هەن، كۆنترۆڵ بكات و دینار بە دیناری بۆ خەڵكی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان ئاشكرابێت. 

باسی لەوەش كردووە، كە نابێت جیاكاریی بكرێت لەنێوان هیچ دەروازەیەكی سنووری و خاڵێكی گومرگیدا، كە شادەماری ژیان و گوزەرانی داهاتو دەبن بۆ خەڵكی كورستان. دەبێت ئیدی كۆتایی بە چیرۆكی گەندەڵیی و بەهەدەردانەكانی "برایم خەلیل" و "باشماخ" و "حاجی ئۆمەران" و "پەروێزخان" و "ملحقات"ەكانیان بهێنرێت.

هـ ـ ح