دەمامكێك بە 4 هەزار دۆلار بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا

هەمەڕەنگ

06/07/2020‌ 1325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پیاوێكی هیندی دەمامكێكی لە زێڕ دروستكراو دەپۆشێت، كە نرخەكەی نزیكەی 4 هەزار دۆلارە، ئەمەش بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا، كە بەشێوەیەكی بەفراوان لە هیندستاندا تەشەنەی كردووە.
 
شانكار كورهادی بزنسمان و دانیشتووی شاری بونا لە ڕۆژئاوای هیندستان، ئاماژەی بەوەداوە دەمامكەكە كێشەكەی  60 گرامە و دروستكردنەكەشی 8 ڕۆژی خایاندووە.

شانكار بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پریس)ی ڕاگەیاندووە، كە دەمامكەكە‌ باش و تەنكە ‌و چەند كونێكی بچووك تێدایە، كە لە هەناسەداندا یارمەتی دەدەن.

ئەو وتیشی: نازانم ئەمە بەسە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی ‌كۆرۆنا یان نا، بەڵام من ڕێوشوێنی خۆپارێزی دیكەشم گرتوونەبەر.

شانكار تەمەن 49 ساڵ ئاماژەی بەوەش كرد لە كاتی چوونە دەرەوەی لە ماڵ‌، حەزی لە‌وەیە خۆی بە خشڵی زێڕ بڕازێنێتەوە، خشڵەكانیش كێشەكەیان كیلۆگرامێكە وەكو ملوانەكە و ئەنگوستیلەكان كە دەیانكاتە پەنجەكانی دەستی ڕاستی.

كورهادی، كە سەرۆكی كۆمپانیایەكی پیشەسازییە،‌ ئەوەشی وت: بیرۆكەی ئەو دەمامكە زێڕێنەی لە كەسێكی دیكەوە وەرگرتووە، كە دەمامكی "زیو" ی پۆشیووە و لە ڕاپۆرتێكیشدا گوێبیستی ئەو بیرۆكەیە بووە.

كورهادی ئەوەشی وت:‌ خەڵكی لە بازاڕ ڕامدەگرن و وێنەم لەگەڵ دەگرن، سەرسام دەبن كە دەبینن دمامكی زێڕم پۆشیوە.

وڵاتی هیندستان بۆ بەرگرتن لە تەشەنەكرن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە شوێنە گشتییەكاندا پۆشینی دەمامكی بەسەر‌ هاوڵاتیاندا سەپاندوە، تا ئێستاش لەو وڵاتەدا 650 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكەبوون و زیاتر لە 18600 كەسیش مردوون.

سەرچاوە: SKY NEWS  عەرەبییە
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی