خالید شوانی: هەرێم هەنگاوی باشی لەگەڵ بەغدا بۆ رێككەوتن بڕیوە

کوردستان

06/07/2020‌ 1158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خالید شوانی وەزیری حكومەت بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد قسەی لەسەر گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا كردو رایگەیاند، لەو بارەوە هەنگاوی باشیان بڕیوە.

قسەكانی خالید شوانی لەرێگای ڤیدیۆ سكایپەوە بووە لەگەڵ، ناوەندی فەرەنسای یەكێتی نیشتمانی، كە میدیای ئەو حیزبە بڵاویكردووەتەوەو ناوبراو راشیگەیاندووە، ئێمە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا توانیومانە سوود لە قۆناخە جیاوازەكانی حكومەتەكانی عێراق وەربگرین ئایا ئێمە توانیومانە سوود لە ڕابردوو وەربگرین؟

هەر لە درێژەی سیمینارەكەدا‌ وەزیری حكومەت بۆ كاروباری هەرێمی و بەغداد بەوردی تیشكی خستە سەر قۆناغەجیاوازەكانی پەیوەندیەكانی نێوان كورد و بەغداد ئەو فاكتەرانەی، كە بوونەتە هۆی دروستبوونی بەربەست لەسەر ڕێكەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدادی ڕونی كردەوە.

هەروەها رایگەیاند، ئێمە ئەگەر پەیوەندییمان باش بێت لەگەڵ بەغداد دەكرێت ئەوان پشتوانمان بن بۆ هەر هێرشێك بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و لەبەر ئەوەی بە پێ دەستور ڕێكخراوە ئەوان دەتوان بەرگریمان لێ بكەن، دواتر بە دووردرێژی باسی مەلەفی مادەی ١٤٠ و مەلەفی ئابوری و نەوتی هەرێمی كوردستان و تەواوی كێشەكانی هەرێمی و بەغدادی كرد.

لە تەوەرەێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەدواین كۆبونەوەكانی وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد كرد و لەمڕووە وتی: ئێمە پێشتر زۆر نزیك بووین لەگەڵ بەغداد ڕێك بكەوین، بەڵام بە بۆنەی دەست لە كار كێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ڕێكەوتنەكە نەكرا، دواتر هاتنی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بارودۆخەكەی خراپ كرد.

دواتر ئاماژەی بە كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەی وەفدی هەرێم و بەغدا كرد، كە بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە وتی: ئێمە هەنگاوی باشمان بڕیوە لەگەڵ حكومەتی بەغدا، بەڵام تا ئێستا نەگەشتوونەتە ڕێكەوتنی كۆتایی، لە هەمان كاتدا  نەگەشتوونەتە بنبەست و هیواێكی باش و هەوڵیكی باش هەیە بگینە ڕیكەوتن.

هـ ـ ح