وردەكاری هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كەركوك‌و جێناكۆكەكان

کوردستان

06/07/2020‌ 2091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو هەوڵانەی لەماوەی رابردوو دراون بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان، خەریكە بەئەنجام دەكات‌و بڕیارە لەم چەند رۆژە لەو بارەوە پێشهاتی نوێ‌ بێتە پێشەوە.

ماوەیەكە بەهەوڵی راستەوخۆی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، چەند گفتوگۆیەك لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێـتەوە، كەركوك‌و كێشە لەسەرەكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، هەوڵەكان ئێستا بەئەنجامی باش گەیشتوون‌و لەو چوارچێوەیەش مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕەزامەندی داوە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئەوە هەنگاوی یەكەم دەبێت، بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق هەبێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش لەناوچە كێشە لەسەرەكان.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، هەنگاوی دووەم، گەڕانەوەی راستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت بۆ كەركوك‌و خانەقین، كە لەچەند رۆژی داهاتوو ئەو بڕیارەش بەفەرمی دەردەكرێت.

لەساڵی 2017وەو لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ئەو ساڵە، هێزەكانی پێشمەرگە دوای هێرشی سوپای عێراق‌و چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانی كەركوك‌و دەوروبەری كشانەوە.

لەبەرانبەر ئەم پێشهاتانەش نوێنەری پێكهاتەكانی عەرەبی سوننە و توركمان لەپەرلەمانی عێراق، دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەن بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

ئەو دوو پێكهاتەیە لەراگەیەنراوێك رایانگەیاندووە، دوای ڕزگاركردنی هەندێك گوند لەدەستی داعش، هێزی پێشمەرگە زۆرینەی ئەو گوندانەی وێرانكردووە.

هاوكات ستایشی هەوڵەكانی هەردوو سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدولمەهدی و حەیدەر عەبادی دەكەن، كە بەڕێگەی دەستوور یاسا لەو پرسەدا جوڵاوەتەوە.

سوننە و توركمانەكان هەڕەشەی ئەوەش دەكەن، كە ڕێگەی دەستووریی دەگرنەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

هـ ـ ح