حكومەتی توركیا خەریكی زیاتر كۆتوبەندكردنی ئازادییەكانە

لە میدیاکانەوە

07/07/2020‌ 417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی پێگەی "ئەحوال"ی توركی، كۆمەڵەی "ئازادی رادەربڕین"ی توركی لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، كە بەناوی "قەدەغەی ئینتەرنێت ٢٠١٩" بڵاویكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لەساڵی ٢٠١٩ دا لە توركیا زیاتر لە ٤٠٨ هەزار پێگە و بابەتی ناو تۆڕی ئینتەرنێت قەدەغە كراون .

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە بەهۆی یاسایەكەوە كە لەساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە، حكومەتی توركیا تاكۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ، نزیكەی  ١٣٠ هەزار پێگەی ئەلیكترۆنی و ٧ هەزار هەژماری تویتەر و ٤٠ هەزار تویتی كەسی و ١٠ هەزار پارچە ڤیدیۆ لە پێگەی یوتیوب و ٦٢ هەزار پۆستی فەیسبووكی قەدەغە كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی كۆمەڵەكە، جگە لەوانەی پێشووتر لەو ساڵەدا دەسەڵاتداران لانیكەم ٥٥٩٩ بابەتی هەواڵی و ٣٥٢٨ تۆڕی هەواڵیان قەدەغە كردووە.

هەرچی رۆژنامەی "حوڕریەت"ی توركییە، ٣٣٦ بابەتیان لەسەر پێگە ئەلیكترۆنییەكەی پێسڕیوەتەوەو رۆژنامەی میلییەت ١٨٧ بابەت و پێگەی تی ٢٤ ی هەواڵی ١٧١ بابەتی هەواڵیان پێسراوەتەوە  .

هەروەك پێگە رەخنەگرەكانی وەك ئۆدا تیڤی ١٢٦ بابەت و پێگەی سول ٦٩ بابەت‌و پێگەی ئیڤرینسل ٤٦ بابەتیان پێسڕاوەتەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكانەوە هێرش كرایە سەر خێزانەكەی ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا رایگەیاند، حكومەت كار لەسەر دانانی یاسایەك دەكات، كە سەكۆكانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن.

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی