تێكشكاندنی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی توركیا لە لیبیا پەیوەندی بە هێڵە سوورەكەی سیسییەوە هەیە

جیهان

07/07/2020‌ 2505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تێكشكاندنی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی توركیا لە لیبیا دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە پێگە هەواڵییەكان و تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتووەتەوەو سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن، پەیامی پشت ئەو هێرشە ئەوەیە كە ئەو هێڵە سوورەی ماوەیەك لەمەوبەر عەبدولفەتتاح سیسی لەبەرانبەر سوپای میسر لەسەر سنوورەكانی لیبیا باسی لێوەكرد تەنیا لێدوانێك نییە بۆ بەكاربردنی میدیایی و دەریدەخات سەرۆكی میسر لە هەڵوێستەكەیدا جیدییە .

لای خۆیەوە محەمەد كینانی توێژەری سەربازیی میسری باسی لەوە كردووە، كە هێرشەكە سەركەوتوو بووە لە تێكشكاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مەودا مامناوەندی "هۆك"ی دروستكراوی ئەمەریكی و سێ رادار لەمۆدێلی "كاڵكان"، كە لەگەڵ سیستەمەكانی هۆك پەیوەستن، سەرباری تێكشكاندنی سیستەمی "كۆراڵ " ی توركی بۆ شێواندنی (تەشویش) ئەلیكترۆنی.

كینانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، توركیا دوو سیستەمی بەررگری ئاسمانی لەژێر ناوی "حیسار" پەرەپێداوە، كە یەكێكیان كورت مەودایە و ١٥ كیلۆمەتر بڕ دەكات، ئەوەی تریان ٢٥ كیلۆمەتر بردەكات، بەڵام هێشتا بەگەڕنەخراون، بۆیە هێشتا توركیا پشت بە سیستەمەكانی "هۆك"ی ئەمەریكی دەبەستێت، بەڵام ئەو سیستەمانە هەرچەندە پێشكەوتوو بن بەرانبەر بە فرۆكە پێشكەوتووەكان هیچ كاریگەرییەكیان نییە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئەو شارەزا سەربازییە میسرییە دەڵێت: تەنانەت ئەگەر لەداهاتووشدا توركیا ئەو دوو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە نوێیە بڵاوبكاتەوە، ئەوە بەرانبەر بەفڕۆكە پێشكەوتووەكان هیچ كاریگەرییەكی نییە، رەنگە سیستەمەكان مووشەكیش بتەقێنێنن، بەڵام ناتوانن زیان بە فرۆكەكان بگەیەنن بەوپێیەی فرۆكە پێشكەوتووەكان لە مەودایەكی زۆر دوورترەوە ئامانجەكانیان دەپێكن، بەتایبەت، كە بەتەنیا بەگەڕخرابن و لەگەڵ تۆرێكی تەواوكار و فرەچین تێكەڵ نەبن.

كینانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەگەڵ ئەوەی لەناوچەكە سیستەمی جەنگی ئەلیكترۆنی جۆری "كۆراڵ"یشی لێیە، كە مەوداكەی دەگاتە ١٥٠ كیلۆمەتر، بەڵام تێكشكاندنی لەلایەن فرۆكەكانی میسرەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت، كە یان دوور لەو هەڵڵایەی بۆی دروستكراوە سسیتەمە توركییەكە سیستەمێكی لاواز و بێكاریگەرییە، یان ئەو فرۆكانەی هێرشەكەیان كردووە زۆر پێشكەوتوو بوون و بە سیستەمی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو تەیار كراون، كە دەتوانێت لەناو ژینگەیەكی پڕ لە تەشویشی ئەلیكترۆنی چر وپڕ ، بەشێوەیەكی كارا ئامانجەكەی بپێكێت.

توێژەرە میسرییەكە جەختیكردووەتەوە، كە لەراستیدا گرنگ نییە چی جۆرە فرۆكەیەك ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە، بەڵكو ئەوەی گرنگە تەنیا دوو رۆژ دوای لێدوانی وەزیری بەرگری میسر، كە دەستپیشخەرییەكەی میسری لەبارەی لیبیاوە رەتكردەوە، كاریگەرییەكی سیاسی و میدیایی گەورەی بەدوای خۆیداهێناوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی