عێراق هەوڵەكانی بۆ رێگری لەدەستوەردانەكانی سوپای توركیا لەخاكی هەرێم چڕ دەكاتەوە

کوردستان

07/07/2020‌ 1301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عێراق هەوڵەكانی بۆ رێگری لەدەستوەردانەكانی سوپای توركیا لەخاكی هەرێمی كوردستان چڕ دەكاتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت پرسەكە بەنێودەوڵەتی بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەست شارپرێس كەوتووە، عێراق دەیەوێت لەرێگەی دبلۆماسییەوە، هەوڵەكانی بۆ رێگری لەدەستوەردانەكانی سوپای توركیا لەخاكی هەرێم چڕبكاتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بۆ ئەو مەبەستە عێراق لەهەوڵدایە، وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی میسرو سعودییەو كۆمكاری عەرەبی‌و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بێنە سەر هێڵ‌و توركیا ناچار بكەن، دەستوەردانەكانی لەهەرێم كەمبكاتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی نوێترین نەخشەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا سوپای سەو وڵاتە 38 خاڵی سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق هەیە.

هەر بەپێی نەخشتەكە، خاڵە سەربازییەكانی توركیا لە سنووری سۆرانەوە لە باكووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە تا سنووری زاخۆ لە باكووری رۆژئاوای هەرێمی كوردستان درێژدەبێتەوە، هاوكات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیك هەولێر و باشیك و دهۆك هەیە.

وەزارەتی بەرگریی توركیا لە رۆژی 15مانگی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی لەژێر ناوی (چڕنووكی هەڵۆ) بۆسەر پێگەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردو دوو ڕۆژ دوای ئەوەش ئۆپەراسیۆنێكی زەوینی بەناوی (چنگی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە عێراق نایەوێت راستەوخۆ رێگری لەسوپای توركیا بكات، ئەوەش بەهۆی مەترسی پێكدادانی سەربازی، بەڵام دەیەوێت تەواوی هەوڵە دبلۆماسییەكانی بخاتە گەڕ، بۆ ئەوەی رێگری لەسوپای توركیا بكات.

هـ ـ ح