بەهۆی بەقاچاخ بردنی ئینتەرنێت لەهەرێمەوە عێراق مانگانە سێ ملیار دینار زیانی پێدەگات

عیراق

07/07/2020‌ 952 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری پەیوەندیەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ساڵی داهاتوودا باش نەبێت دەستلەكاردەكێشێتەوە.  

ئەركان شەهاب ئەحمەد لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح رایگەیاندوە "بەڵێن دەدەم دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكەم ئەگەر سەرەتای ساڵی داهاتوو خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە عێراق باش نەبێت". 

وەزیرى پەیوەندییەکانى عێراق بەڵێن دەدات کە كۆتایی بە دزەپێكردنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بنهێنن و پشتگیری خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكەن. 

بەوتەی وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق، بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، عێراق مانگانە سێ ملیار دینار زیانی پێدەگات.

هەروەها ناوبراو روونیدەکاتەوە، چەندین جار تیمەكانی وەزارەتی پەیوەندیەكان هەڵیان كوتاوەتە سەر ئەو بورجانەی هێڵەكانی ئینتەرنێتیان لێوە دزە پێدەكرێت و دەست بەسەر پێداویستیەكاندا دەگرن.

ئەركان شەهاب جەختی لەوەشكردووەتەوە، سەرەڕای بوونی كۆمپانیایەكی زۆر بۆ ڕكابەری، بەڵام تائێستا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ئاستی پێویستدا نییە.