توركیا لە لیبیا یاری بەكۆمەڵە كارتێكی ماندوو لەنێوان دووژمانیەتی و هاوپەیمانی لایەنەكاندا دەكات

لە میدیاکانەوە

08/07/2020‌ 726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی توێژینەوەیی ئەوروپی، بوونی توركیا لەلیبیا بە خۆنمایشكردنێكی ناهاوسەنگانەی هێز لەلایەن توركیاوە وەسف دەكات و دەڵێت: لیبیا پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە ڤێتنامی توركیا.

ناوەندی "چاوی ئەوروپا لەسەر تیرۆر"، كە بارەگاكەی لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە راپۆرتێكی دەركردووە و تێیدا ڕۆڵی هەرێمایەتی توركیای لەچوارچێوەی ئەو ستراتیژەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیجوڵێنێت بەیاری شەترەنجی دەوڵەتێكی نائومێد لەدوای چاخی ئیمپراتۆری وەسف كردووە.

راپۆرتەكە پێیوایە ئەو نمایش و خۆڕانواندنەی ئەردۆغان لە سوریا و لیبیا و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست دەیكات ناتوانێت بڕوا بەكەس بێنێت، كە نیشانەی بەهێزی ئەو دەوڵەتەیە، لەبەر ئەوەی دەستی توركیا ئاشكرایە و هەموو لایەك دەزانن ئەو وڵاتە چەندی لەباراندایە، ئەویش لەبەر دوو خاڵی سەرەكی، یەكەمیان ئابوورییەكی لارو لەوێر، كە پێناچێت وابەئاسانی هاوسەنگی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، دووەمیان مامەڵەی خراپی توركیا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو هەموو بارە قورسەی خستییە سەر شانی ئەنقەرە كە هەرگیز لەپێشبینی ئەواندا نەبوو . 

راپۆرتەكە لەبارەی بوونی سەربازیی توركیا لە سوریا دەڵێت: ئەنقەرە یاری بە كۆمەڵە كارتێكی ماندوو لەنێوان دووژمانیەتی و هاوپەیمانێتیی لایەنەكاندا دەكات، كە توانای ئەوەی نییە باز بەسەر هێزە زەبەلاحەكاندا بدات، هەر لە واشنتۆنەوە بۆ مۆسكۆ و ئەوروپا تا دەگاتە ئێران درێژ دەبێتەوە، ئەوە جگە لە نەیارە هەرێمایەتییەكانی، كە ناتوانرێت گاڵتە بە توانایان بكرێت.

راپۆرتەكە پێشبینی كردووە هاوشێوەی تێوەگلانی ئەمەریكا لە زۆنگاوی ڤێتنام بەهەمان شێوەش توركیا لە لیبیا تێوەبگلێت‌و دەڵێت: ئەنقەرە لەڕێگای پشتیوانیكردنی حكوومەتی فایز سەراج و میلیشیاكانی، پرۆسەی سیاسی لە لیبیا بەرەو چەقبەستوویی بردووە، بەو پێیەی لەلایەكییەوە دەستپێشخەرییەكەی میسر، كە پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە رەتدەكاتەوە، لەلایەكی تریشەوە نەیتوانیوە سەركەوتن بەسەر سوپای نیشتیمانی لیبیا بەسەرۆكایەتی مووشیر خەلیفە حەفتەر بەدەستبهێنێت كە مۆسكۆ و قاهیرە و ئەبوزەبی پشتیوانی دەكەن .

سەبارەت بە  دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست ، راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە كە توركیا بەردەوامە لە خۆرانواندنی فراوانخوازیانە و هەڕەشەكردن بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ نەیارەكانی ، پێشیوایە بانگەشەكانی توركیا بۆ بوونی ناوچەیەكی ئابووری تایبەت بەو وڵاتە كە تا لیبیا درێژ ببێتەوە كەڵكەڵەیەكی ئیمپریالیانەی ڕوولەسەر هەڵماڵراوە و بازنەی نەیارەكانی ئەردۆغان لەڕێگای شەرعییەتی نێودەوڵەتییەوە فراوانتر دەكات . 

ناوەندە ئەوروپییەكە رەخنەی لە یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا گرتووە كە بەجیدییەوە مامەڵەیان لەگەڵ كارە بێزاركەرەكانی توركیادا نەكردووە، كە بە رەفتارەكانی هەڕەشە لە دەوروبەری خۆی دەكات.

لەكۆتاییدا راپۆرتەكە دەڵێت: ئەگەر تەنانەت ئەوروپا و ئەمەریكا دوودڵ بن لەوەی پەیامە راستەقینەكەی خۆیان بە ئەنقەرە بگەیەنن، ئەوە نمایشە سیاسی و سەربازییەكانی ئەردۆغان بەرانبەر بە دۆخە ئابوورییە قەیراناوییەكەی و خراپ لێكدانەوە ستراتیژییەكانی خۆڕاناگرێت كە توركیا دەخەنە بەردەم ساتێكی راستەقینە ئەویش ئەوكاتەی هاوشێوەی زەلكاوی ڤێتنام لە قەیرانی لیبیاوە تێوەدەگلێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی